بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی ئۆباما بەهۆی هێرشکردنە سەر ئیسلام دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی نیویۆرک دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی ئۆبامای راگەیاند، کە لە ڤیدیۆیەکدا "قسەی رقهەڵگر" بە فرۆشیارێکی خواردن دەڵێت و هەراسانی دەکات. ئەو بە فرۆشیارەکەی گوتووە، "کوشتنی چوار هەزار منداڵی فەلەستینی هێشتا بەس نییە".
 
ئەو بەرپرسە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە پەشیمان بووەتەوە و داوای لێبووردنی کردووە، هەروەها رایگەیاندووە، "ڤیدیۆکە دیوەکەی دیکەی چیرۆکەکە پیشان نادات، ئەو فرۆشیارە پشتگیریی خۆی بۆ حەماس راگەیاند."
 
رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023، پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، "بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی سەردەمی ئۆبامایان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی قسەی رقهەڵگر و ئیسلامۆفۆبیای بەرامبەر فرۆشیارێکی خواردن بەکارهێنا."
 
بەپێی گوتەی پۆلیس، ئەو کەسە ناوی ستیوارت سێڵدۆویتزە و تەمەنی 64 ساڵە، دوێنی (چوارشەممە) بە تۆمەتی لێدوانی رق و کینە و هەراسانکردن دەستگیرکراوە.
 
ڤیدیۆی ئەو ساتە کە ستیوارت قسە بە ئەو کەسە دەڵێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕکرد و کاردانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەت کاتێک دەڵێت، "کوشتنی چوار هەزار منداڵی فەلەستینی هێشتا بەس نییە."
 
هەروەها بە خاوەن عارەبانەکە دەڵێت، "چەند هێمایەکی گەورە لێرە دادەنێم و لەسەری دەنووسم ئەم کابرایە بڕوای بە حەماس هەیە."
 
ئەو هەروەها باسی دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر دەکات کە ناسراوە بە موخابەرات، ستیوارت دەڵێت، "موخابەرات دایک و باوکت دەبەن. باوکت نینۆکەکانی خۆی خۆشدەوێت؟ ئەوان نینۆکەکانی باوکت دانە بە دانە دەردەهێنن."
 
ئەمە جگە لەوەی بەرپرسەکەی پێشووی ئەمریکا مۆبایلەکەی خۆی دەردەهێنێت و پێی دەڵێت، "زەردەخەنەم بۆ بکە" کە پێدەچێت وێنە و ڤیدیۆی ئەو فرۆشیارەی گرتبێت.
 
هەروەک پۆلیس باسیدەکات، "لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەش ستیوارت گاڵتە بە ئایینی ئیسلام دەکات و چەند قسەیەکی نەشیاو بە پێغەمبەری ئەو ئایینە دەڵێت."
 
پێش ئەوەی فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت، ستیوارت خۆی ئیمەیڵێکی بۆ میدیای ئەمریکا ناردووە و رایگەیاندووە، "ئەوە منم لە ڤیدیۆکە دەردەکەوم. بەڵام ڤیدیۆکە تەنیا یەک لای چیرۆکەکەی پیشانداوە. پێش تۆمارکردنی ڤیدیۆکە ئەو کەسە پشتگیریی خۆی بۆ حەماس دەربڕیوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشی گوتی، "من لە هەموو ئەوانەی روویاندا پەشیمانم و داوای لێبووردن دەکەم. من لە گەرمەی روودانی چەند شتێک قسەم کردووە کە نەدەبوو بیکەم."
 
ڤیدیۆکە چەند رۆژێک پێشتر تۆمارکرابوو و بڵاوببووەوە، رۆژی سێشەممە 21-11-2023 پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، ئەوان بە وردی چاودێریی ڤیدیۆکە، کەسەکە، دۆخەکە و کاردانەوەی خەڵک دەکەن.
 
ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکی-ئیسلامی رایگەیاند، "ئەمریکا بە ئەزموونێکی بێوێنەی هەڵمەتی دژە عەرەب و موسڵمان تێدەپەڕێت، ئەمەش دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل."
 
لە هەمانکاتدا، چەندین رووداو و سکاڵای دژە جووییش تۆمارکراون. کریستۆفەر رەی، ئەفسەر لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ناسراو بە ئێف بی ئای، رایگەیاند، "مانگی پێشوو، هەڕەشەی هەڵمەتی دژە جوویی خەریک بوو دەگەیشتە ئاستێکی مێژوویی بەجۆرێک لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە  بۆ 388% بەرزبووەوە."
 
ستیوارت سێڵدۆویتز، هەروەک لە پرۆفایلەکەی خۆی لە لینکدین هاتووە، لە 2009 بۆ 2011 وەک بەڕێوەبەری بە وەکالەت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی باشووری ئاسیا کاری کردووە.