بایدن بۆ کۆنگرێس: بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا راپۆرتێکی نووسراو بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ناردووە و تێیدا ئاماژەی بە هەڕەشەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کردووە. بایدن رایگەیاندووە، ئەوان سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق وەڵامیان هەبووە و "ئامادەشن لە ئەگەری هەر هەڕەشە و هێرشێکی داهاتوو وەڵامیان هەبێت".
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییانەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و وەڵامدانەوەی هێرشەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا نارد.
بایدن لە پێشەکیی نامەکەی باسی ئەو زنجیرە هێرشانەی کردووە، کە گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کردوویانە. ئەو هێرشانە، هەروەک لە نامەکە هاتووە، بوونەتە هۆی برینداربوونی چەند کارمەندێکی هێزەکانی ئەمریکا و هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان.
بایدن نووسیویەتی، "هەروەک لە 27ی تشرینی یەکەم، 10ی تشرینی دووەم و 14ی تشرینی دووەم راپۆرتم ناردووە، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی من چەند هێرشێکیان کردە سەر دامەزراوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئەوان."
لەبارەی نوێترین هێرشی هێزەکانی ئەمریکا لە 21-11-2023 بایدن دەڵێت، "بە فەرمانی من، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئەو بنکانەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئەوان وەک نێوەندی فەرماندەیی، لۆجیستی و مەبەستی دیکە بەکاریان دەهێنان."
بەگوێرەی بایدن، هێرشەکانی هێزی ئەمریکی لە عێراق بە مەبەستی "رێگریی بووە لە هێرشی داهاتوو، هەروەها سنووردارکردنی زیادبوونی هێرشەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل" بوون.
بایدن لە نامەکە، خۆی بە بەرپرسیار لە پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات دەزانێت و دەڵێت، "بەپێی دەسەڵاتی دەستووریی من وەک فەرماندەی گشتی و سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانی هێرشم داوە".
لە کۆتایی نامەکەشدا بایدن ئاماژەی بەوەداوە کە هەموو هێرشەکان لەژێر یاسای نێودەوڵەتی و مافی بەرگریکردن لەخۆمان بووە هەروەک لە مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرووەکاندا هاتووە.
لەبارەی ئەگەری هێرشی داهاتوو، سەرۆکی ئەمریکا بە کۆنگرێسی راگەیاند کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و لە هەبوونی هەڕەشەی زیاتر، وەڵامی هەبێت. بایدن هەروەها نووسیویەتی، "من ئەو راپۆرتەم بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس لە هەموو زانیارییەکان، ناردووە."
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
هێرشەکە وەکو سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەری بەغدا بووە و گرووپێکی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج. بە گوتەی سێنتکۆم، لە 21ی تشرینی دووەمیش، بە مووشەکی بالیستیی نزیک مەودا، هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا هەشت چەکدار کوژراون و چواری دیکەش بریندارن.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.