لافاو لە ئەڵمانیا ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی شۆفێران دروستکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، بەهۆی لافاوەوە نیوەی بازاڕی ماسی فرۆشان ژێر ئاو کەوت و گەشتی شەمەندەفەرەکانی ئەو ناوچەیەش وەستاوە.
گابی فرێبێرگەر، گەشتیار دەڵێت، "رێگەی هۆتێلەکەمان ژێرئاو کەوتووە، هەروەک لە پشتەوە دەیبینی. پێشتر ئەوە رێگە بوو بەرەو هۆتێلەکە، بەڵام ئێستا ئاو لە هەموو شوێنێکە. خەمی ئۆتۆمبێلەکەمانە کە لە ژێرزەویی گەراجەکە رامانگرتووە."
تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوام یارمەتیی پێشکێش بە هاووڵاتییان دەکەن، خەڵکێکی زۆر کە بۆ کریسمس بە نیازی گەشت بوون، بەڵام گەشتەکانیان هەڵوەشایەوە.
هێلێنا تێیچەر، گەشتیار گوتی، "لە راستیدا ئێمە دوێنێ شەو ویستمان بڕۆین، بەڵام دوو کاژێر لە وێستگەکە ماینەوە و دواتر شەوێکی دیکەمان لە هۆتێل بەسەربرد".
بایەکی بەهێزیش لەگەڵ لافاوەکەدا هەبوو؛ داری گەورەی لە ریشەوە دەرهێناوە و زیانی بە چەندین ئۆتۆمبێل و خانوو گەیاندووە.