سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بە سکەیت تۆنێلێک دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بەشێوازێکی جیاواز و بە "سکەیت" ئەو تۆنێلەی کردەوە کە ماوەی سێ دەیە بوو پلانی بۆ دانرابوو؛ تۆنێلەکە باکووری وڵاتەکە دەگرێتەوە و بە "ئەڵقەی ونبوو"ـی رێگەی سەرەکیی ئەو وڵاتە دادەنرا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، چەند کاژێرێک پێش کردنەوەی فەرمیی پڕۆژەکە بۆ خەڵک، فیکۆ بە سکەیت بەنێو تۆنێلە 7.5 کیلۆمەترییەکەدا دەڕوات.
فیکۆ لەبارەی ئەو کارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ تۆنێلی ڤیشنۆڤێ کرایەوە و نەمویست ئەم دەرفەتە لەدەست بدەم کە بە سکەیت بە هەموو تۆنێلەکەدا بڕۆم. ئەمە کارێکی نایابە. کریسمسێکی نایاب و ساڵێکی نوێی خۆشتان هەبێت!".
گرنگیی تۆنێلی ڤیشنۆڤێ
تۆنێلی ڤیشنۆڤێ بەشێکی سەرەکییە لە رێگەی خێرای D1 و درێژییەکەی 13.5 کیلۆمەترە لە نێوان "لیتاڤسکا لوکا" و "دوبنا سکالا". ئەم پڕۆژەیە ئەڵقەیەکی سەرەکیی رێگەی رۆژهەڵات - رۆژئاوای سلۆڤاکیا تەواو دەکات کە براتیسلاڤای پایتەخت بە شاری کۆسیس دەبەستێتەوە.
13 وەزیر سەرپەرشتییان کردووە
پلانەکانی ئەم رێگەیە بۆ ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە و کارە سەرەتاییەکانیش لە ساڵی 1998 لە سەردەمی ڤلادیمێر مێچیار، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە دەستیانپێکردووە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، 13 وەزیری گواستنەوە لە کابینە جیاوازەکاندا سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیەیان کردووە.
پڕۆژەکە چەندین جار تووشی وەستان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست بووەتەوە، دیارترینیان لە ساڵی 2014 بوو کە بە بڕی 410 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی دواکەوتنەوە لە ساڵی 2019 گرێبەستەکە هەڵوەشێنرایەوە، تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 کۆمپانیای "سکانسکا" پڕۆژەکەی گرتەدەست و تەواوی کرد.
رەخنەی ئۆپۆزیسیۆن
سەرەڕای تەواوبوونی، پڕۆژەکە رووبەڕووی رەخنەی تووندی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بووەتەوە. پارتی "سلۆڤاکیای پێشکەوتنخواز" تۆنێلەکەی وەک هێمایەکی "خراپ بەڕێوەبردن" وەسف کردووە و ئاماژەی بە تێچووی زۆر و بوونی "کەموکوڕیی ئەمنی" کردووە لە کاتی دروستکردنیدا.