شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە هۆنگ کۆنگ بە تووندی سەریهەڵداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ رایانگەیاند هەزاران هاووڵاتی ئەو شارە بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگەیان پێنەدراوە لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و گەڕەکێکی ئەو شارە کە لە 16 باڵەخانە پێکدێت داخراون و هیچ کەس بۆی نییە هاتووچۆ بکات تاوەکو تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.
شاری هۆنگ کۆنگ لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا کۆنترۆڵبکات. لە دوو مانگی رابردووشدا 4,300 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوون کە دەکاتە 40٪ی تووشبووان لەو شارە. نیوەی ئەو کەسانەش لەو گەڕەکەدا دەژین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کەرەنتین کراوە.
بەرپرسانی هەرێمی هۆنگ کۆنگ ترسیان لەوە هەیە کە شەپۆلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لەو گەڕەکەدا پەرەبستێنێت بۆ گەڕەکەکانی دیکەی هۆنگ کۆنگ.
لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە هۆنگ کۆنگ لە سەرەتای ساڵی رابردوو بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ هیچ بەشێک لە شارەکەیان کەرەنتین نەکرد. کەیری لام، سەرۆکی هۆنگ کۆنگ رایگەیاندبوو تاوەکو ناچارنەبن نایانەوێت هیچ بەشێک لە شارەکە کەرەنتین بکەن.
بەپێی ئامارەکان تائێستا 10,010 کەس لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ تووشی کۆرۆنا بوون، 168 لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە.