زیاتر لە سێ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی رووسیا دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان بۆ ئازادکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا بەردەوامە و پۆلیسی وڵاتەکەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسی دەستگیرکردووە.
دوای گەڕانەوەی ناڤالنی لە ئەڵمانیا راستەوخۆ لەلایەن پۆلیسی رووسیا دەستگیرکرا، ئەو لە زیندان داوای لە خەڵک کرد کە خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزایەتیی دەرببڕن، بەو هۆیەشەوە دەیان هەزار کەس لە چەند شارێکی رووسیا هاتنەسەر شەقام و داوای ئازادکردنی ئەو سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنە دەکەن.
ئەوە یەکەمجارە خۆپێشاندانێکی هێندە گەورە لە دژی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەڕێوەدەچێت، پۆلیسی رووسیا بەتووندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبێتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی رۆیتەرز ژمارەی خۆپێشاندەران نزیکەی 40 هەزار کەسن، بەڵام وەزارەتی نێوخۆی رووسیا دەڵێت: ژمارەی خۆپێشاندەران نزیکەی چوار هەزار کەسن.
لە یەکێک لە شەقامەکانی رووسیا خۆپێشاندەران بە گوتنەوەی هوتافی "ئازادی بۆ ناڤالنی" و "پووتین دووربکەوە" ناڕەزایەتییان دەربڕی، یەکێک لە خۆپێشاندەران دەڵێت: بێزار بوون لەو دۆخە، چونکە "رووسیا بووەتە زیندانێکی گەورە".
هەفتەی رابردوو ئەلێکس ناڤالنی، سەرۆکی پارتی رووسیای ئایندە کە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنە دژی سەرۆکی وڵاتەکە دوای نزیکەی سێ مانگ لە نەخۆشخانەکانی بەرلین بە فرۆکەیەک گەڕایەوە رووسیا و راستەوخۆ دەستگیرکرا. لەو بارەیەشەوە ئەڵمانیا و بەریتانیا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە تێیدا داوای ئازادکردنی بەپەلەی ناڤالنی دەکەن.
لە 20ی ئابی 2020 لە هۆتێلی خاندەر لە شاری تۆمسکی رووسیا، ئەلێکس ناڤالنی بە گازی ژەهراوی نۆڤیچۆک ژەهراوی کرا. دوای 17 رۆژ مانەوە لە باری بێهۆشی، ناڤالنی چاوی کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش چاوێکی بەتەواوی هەڵنایەت. پزیشکە ئەڵمانییەکان دەڵێن: "ژەهرخوارد کراوە". ئەڵمانیا، بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا، هاوپەیمانێتیی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای روونکردەوە لە رووسیا دەکەن. بەڵام رووسیا، ئەوروپییەکانی بە گواستنەوەی "زانیاریی هەڵە" تۆمەتبارکرد و گوتی: "ئەڵمانیا هیچی نییە ئەو قسەیان بسەلمێنێت".
هەروەها جەیک سۆڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی هەلبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت: "ئەوانەی ئەلێکس ناڤالنیان ژەهراوی کردووە دەبێت سزابدرێن".
ناڤالنی رەخنەگرێکی تووندی ڤلادیمیر پووتینە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو چەندین خۆپێشاندانی دژی بەرتەسکی ئازادیی رادەربڕین و تاکڕەوی سیستەمی دەسەڵات لە وڵاتەکە کردووە.
دوای ئەوەی ناڤالنی بردرایە ئەڵمانیا دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین رایگەیاند: "رووسیا کەرەستەی کەمی لەبەردەستدایە بۆ دەستکردن بەلێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکەی ناڤالنی، چونکە ئەو براوەتە دەرەوەی وڵات و ئەنجامی ئەو پشکنینانەش کە بۆ ناوبراو ئەنجامدراون لە ئەڵمانیا، نەدراونەتە بەرپرسانی رووسیا".