بڕیارێکی ترەمپ دژی کۆچبەران سڕ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵپەسارد کە تێیدا داوایکردبوو وڵاتینامەی ئەمریکی بەو منداڵانە نەدرێت لە ئەمریکا لە دایک و باوکی کۆچبەر لەدایک دەبن.
ئامانج لە فەرمانەکەی ترەمپ ئەوە بوو کە کۆچبەرانی نایاسایی و منداڵەکانیان نەتوانن وڵاتینامەی ئەمریکی بەدەستبهێنن.
بە بڕیاری دادوەرەکە، فەرمانە مشتومڕهێنەکەی ترەمپ بۆ ماوەی چواردە رۆژ هەڵدەپەسێردرێت.
ترەمپ چەند کاژێرێکی کەم دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، فەرمانەکەی واژۆ کرد.
جۆن کۆگنەر، دادوەری فیدراڵی لە دانیشتنێکی دادگەدا لە ویلایەتی واشنتن لە رۆژی پێنجشەممە، 24-1-2025 رایگەیاند، "ئەمە فەرمانێکی ئاشکرایە و دژی دەستوورە."
کۆگنۆر کە لەلایەن رۆناڵد ریگن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاوە دانرابوو، گوتی، "زیاتر لە چوار دەیەیە لەسەر کورسی دادوەریم، دۆسیەیەکی وام بەبیر نایەت کە بابەتەکەی هێندە روون بووبێت."
وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوون و وڵاتینامە لەگەڵ لەدایکبوون، بنەمایەکی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی ئەمریکایە و بەپێی هەمواری 14ـی دەستووری ئەمریکا، هەر کەسێک لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک ببێت، خۆکارانە دەبێتە هاووڵاتیی ئەمریکا.
دەستوورەکە دەڵێت، "هەموو ئەو کەسانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک دەبن یان لەژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدان، هاووڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەو ویلایەتەن کە تێیدا نیشتەجێن."
فەرمانەکەی ترەمپ لەسەر ئەو بیرۆکەیە بوو کە هەر کەسێک بە نایاسایی یان بە ڤیزە لە ئەمریکا بێت، لەژێر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا نییە، بۆیە ئەو بڕگەیەی دەستوور نایانگرێتەوە.
دادوەر کۆگنەر بە تووندی رەخنەی لە برێت شومەیت، پارێزەری وەزارەتی داد گرت لەسەر ئەوەی کە گوتوویەتی، فەرمانەکەی ترەمپ دەستوورییە.
دادوەر کۆگنەر گوتی: "بەڕاستی تێناگەم چۆن ئەندامێکی دادوەری دەتوانێت بەبێ دوودڵی بڵێت ئەمە فەرمانێکی دەستوورییە. ئەمە ناچێتە مێشکەوە."
بڕیارەکە دوای زنجیرەیەک داوای یاسایی دێت کە لەلایەن 22 ویلایەت، دوو شار و چەندین گرووپی مافی سڤیلەوە تۆمارکراون.
ویلایەتە بەشداربووەکانی ئەو سکاڵایانە پێشوازییان لە بڕیاری دادوەرەکە کرد.
کریس مەیس، داواکاری گشتیی ئەریزۆنا گوتی، "هیچ سەرۆکێک ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی دەستوور بگۆڕێت و بڕیارەکەی ئەمڕۆ ئەوە دەسەلمێنێت."
نیک براون، داواکاری گشتیی واشنتن گوتی، فەرمانەکەی ترەمپ "دژە ئەمریکییە."
دوای بڕیارەکەش رایگەیاند، "مافی هاووڵاتیبوون بە لەدایکبوون ئەوە روون دەکاتەوە کە هاووڵاتیبوون ناکرێت بە رەگەز، نەژاد یان رەچەڵەکی باوان و دایکانیانەوە ببەسترێتەوە. ئەمە یاسای نەتەوەکەمانە و لەلایەن چەندین نەوە لە دادوەر، یاسادانەر و سەرۆکەوە دانی پێدانراوە."