وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا: هەفتەی رابردوو 391 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوونەتە وڵاتەکەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی بەریتانیا هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام هێشتاش ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر دەپەڕنەوە. داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاشکرای دەکەن، ئەم هەفتەیە 391 کۆچبەر بە 9 بەلەمی بچووک پەڕیوونەتەوە ئەوبەر.
 
هەفتەی رابردوو حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنیان کردووە بۆ رێگەگرتن لە تاوانی رێکخراو و هاتنی کۆچبەری نایاسایی؛ ئەویش بەوەی لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هاوکاریی بەریتانیا باندەکانی قاچاخچێتی ئاشکرا بکرێن.
 
یەکێک لەو نموونانە دەستگیرکردنی باندێک بوو لە سلێمانی لەلایەن دەزگایەکی بەریتانییەوە بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکان، کە بەریتانیا سوپاسی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی کرد لەسەر ئەوە.
 
جۆرێکی دیکەی کارە هاوبەشەکان، کە بەریتانیا پشتیوانیی دەکات، هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەیە. بۆ نموونە، سبەی لە هەولێر پانێڵێکی هاوبەش هەیە، کە کارێکی هاوبەشی دامەزراوەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانە؛ پانێلەکە بە پشتیوانیی باڵیۆزخانەی عێراق لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
 
لەم بارەیەوە لە بەریتانیاوە نزار وەیس، سکرتێری کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، رۆژی شەممە 25-01-2025 پانێڵێکیان هەیە لە هەولێر، کە بەشی پلاتفۆرمی مافی مرۆڤی کۆمەڵەی کوردی سازی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن، بە بەشداری لەگەڵ پەیمانگەی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ.
 
سکرتێری کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا روونیکردەوە، پلاتفۆرمەکە دوو بەشە، بەشی یەکەمی لە هەولێر دەکرێت و بڕیارە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی پڕۆژەکە بکەن و بەشداریی تێدا بکەن، بەشەکەی دیکەشیان بڕیارە لە مانگی سێ یان مانگی چوار لە بەریتانیا بکرێت.
 
نزار وەیس گوتیشی، "هەوڵ دەدەین لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا بگەینە لێکتێگەیشتنێک بۆ بەزۆر نەناردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا، کە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی کردووەتە سەر دەروونی پەنابەران و پشێوییەکی زۆری دروست کردووە". دەشڵێت، "گرنگە بتوانین چۆن هەماهەنگی بکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەموو تراژیدیا و مەرگەساتانەی بەسەر خێزان و تاکی گەنجی کورددا دێت لەو رێگە قاچاخانەدا."