پووتین دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ لەبارەی ئۆکراینا گفتوگۆ بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، ئامادەیە لەبارەی ئۆکراینا گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکات. ئۆکرایناش دەڵێت: "بەبێ ئێمە و ئەورووپا، نابێت دانوستاندن بکرێت".
رۆژی هەینی 24-01-2025 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی: "هەمیشە گوتوومانە و دەمەوێت جارێکی دیکەش جەختی لێبکەمەوە، لەسەر پرسی ئۆکراینا بۆ ئەو دانوستاندنە ئامادەین."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 20-01-2025 سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا ترەمپ بەڵێنیدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەهێنێت. ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستی پێنەدەکرد.
جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد و هێشتا بەردەوامە.
سەرۆکی رووسیا لەوبارەوە گوتی: "هاوڕای ئەوم. ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە و لە 2020 هەڵبژاردنەکەیان لێ نەدزیبایە، لەوانەیە قەیرانەکەی ئۆکراینا رووینەدایە."
پووتین کە قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد پەسنی ترەمپی کرد و گوتی: "تەنیا کەسێکی زیرەک نییە، بەڵکو کردارخوازیشە. ئەگەر نرخی نەوت چ زۆر گران بێت یانیش زۆر هەرزان، بۆ هەردوو وڵاتەکە [ئەمریکا و رووسیا] خراپە."
ئاندری یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە تەلەگرام لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی: "ئەو [پووتین] دەیەوێت بەبێ ئەورووپا دانوستاندن لەسەر چارەنووسی ئەورووپا بکات. ئەو دەیەوێت بەبێ ئۆکراینا باسی ئۆکراینا بکات. ئەمە نابێت رووبدات. پووتین پێویستە بە هۆش خۆی بێتەوە، ئەگەرنا بەهۆش خۆی دەهێنینەوە. ئەوەی ئەو باسی دەکات لە جیهانی مۆدێرندا بەو جۆرە نییە."
رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رووسیا ئامادەی دیالۆگێکی هاوبەش لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش بوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئاماژەکان دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە."
رۆژی 21-1-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا کرد لە ئەگەری ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رازی نەبێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "پێم وایە ئەو [پووتین] رووسیا تێکدەشکێنێت، ئەگەر رێککەوتن نەکات"؛ جەختی لەوەش کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ویستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و رێککەوتن پیشان داوە.
لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ، پێسکۆڤ گوتی، ئەوان "هیچ شتێکی نوێ" لە قسەکانی ترەمپدا نابینن.