سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: هیوادارم دۆناڵد ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، هیوادارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بێنێت تاوەکو بتوانێ ببێتە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
 
رۆژی هەینی 23-01-2026 خانمە سەرۆکوەزیرانەکەی ئیتاڵیا لە رۆمای پایتەخت پێشوازی لە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کرد و باسی ترەمپی کرد. میلۆنی گوتی: "پێموایە ئەگەر ئەو بتوانێ گۆڕانکاری بکات و ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئۆکراینا بەدی بێنێت، ئەوا دواجار ئێمەش دەتوانین دۆناڵد ترەمپ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر بکەین."
 
دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە نامەیەکدا بۆ جوناس گار ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەرویج کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە خەڵاتی نۆبڵی پێنەدراوە و رایگەیاند، بەو هۆیەوە ئیدی هەست بەوە ناکات کە پابەند بێت بەوەی "تەنیا بیر لە ئاشتی بکاتەوە."
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ رۆژی پێنجشەممە (ئەنجوومەنی ئاشتی)ـی راگەیاند کە لە سەرەتادا بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بوو، بەڵام دواتر بووە میکانیزمێک کە ئامانجی چارەسەرکردنی هەموو جۆرە جەنگ و ململانێیە نێودەوڵەتییەکانە.
 
ئیتاڵیا بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لەو ئەنجوومەنە نوێیەدا، بەڵام میلۆنی گوتی، بە ترەمپی راگەیاندووە، وڵاتەکەی رووبەڕووی "کێشەی دەستووری" دەبێتەوە. بەپێی میدیای ئیتاڵیا، یاساکانی ئەو وڵاتە رێگە نادەن ئیتاڵیا ببێتە ئەندام لە رێکخراوێکدا کە تەنیا لە لایەن یەک سەرکردەی بیانییەوە سەرۆکایەتی بکرێ، لە کاتێکدا ترەمپ سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە و نوێنەری ئەمریکایە تێیدا.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای لە ترەمپ کردووە، چوارچێوەی ئەنجوومەنەکە بگۆڕێ و رێکیبخاتەوە تاوەکو "نەک تەنیا ئیتاڵیا، بەڵکو وڵاتانی دیکەی ئەورووپیش بتوانن تێیدا بەشدار بن." میلۆنی جەختی کردەوە، بوونی وڵاتانی وەک ئیتاڵیا لە ناو ئەو کارەدا دەتوانێت گۆڕانکاریی گەورە دروست بکات.