بەفربارین ژیانی ئاسایی لە نیویۆرک و چەند ویلایەتێکی دیکەی ئەمریکا پەکدەخات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەفربارینێکی زۆر رۆژی دووشەممە ژیانی ئاسایی لە نیویۆرک و چەند ویلایەتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ئەمریکا پەکخست، قوتابخانەکان و هەندێک ناوەندی فەرمی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان داخران و زیاتر لە هەشت هەزار گەشتی فڕۆکە هەڵوەشێندرانەوە.
 
زۆهران مامدانی، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک دەڵێت: "شاری نیویۆرک 10 ساڵ دەبێت باهۆزی وای بەخۆوە نەبینیوە. بەگشتی، چاوەڕێدەکرێت 18-24 ئینچ بەفر لە سەراپای شاری نیویۆرک ببارێت و لە هەندێک شوێن دەکرێت بگاتە 28 ئینچ [71 سم]."
 
دەنگی ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری لە نیویۆرک ئاماژەیەک بوون بۆ روودانی رووداوی نەخوازراوی وەکو پێکدادانی ئۆتۆمبیل بەهۆی خراپبوونی رێگاوبانەوە. لە ویلایەتی ماریلاند، گیانلەدەستدانی دوو کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە پشت راستکرایەوە.
 
لە گۆڕەپانی ناوداری تایمز سکوێر کە رۆژانی ئاسایی جمەی دێت، ئەمڕۆ جگە لە کارگوزار و چەند گەشتیارێکی سەرکێش کەسی وا نابینیت.
 
هەندێک خەڵک گوێیان بە پێشنیاری حکومەت بۆ مانەوە لە ماڵەوە نەداوە و دەیانەوێت شاری باڵەخانە بەرزەکان لە ژێر "تارای زیویندا" ببینین.
 
دانیشتوویەکی نیویۆرک دەڵێت: "پێموایە بەدڵمە. پێموایە جوانە کە شارەکە بەفر دایپۆشیوە. کریسمسم بیردەخاتەوە."
 
گەشتیارێکی فەرەنسیش باس لەوە دەکات، "پێنج شەو لێرە دەمێنینەوە. دەبوو ئەمڕۆ بڕۆشتینایە بەڵام گەشتەکەمان هەڵوەشاوەتەوە." 
 
لە ئەمریکا نەریتێک هەیە ناوی تۆفان و شەپۆلە گەورەکانی بەفروباران دەنێن و ئەمە ناونراوە هێرناندۆ. بەهۆی هێرناندۆوە کە لە باهۆزی بەفراوە گۆڕاوە بۆ کڕێوە چونکە لە هەندێک شوێن بایەکی بەهێزی بە خێرایی 110 کیلۆمەتری لەگەڵدایە، زیاتر لە نیو ملیۆن ماڵ و کۆمپانیا کارەبایان بڕاوە.