مەکسیک 10 هەزار سەرباز بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی وڵات بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پێکدادانە خوێناوییانە بڵاوکردەوە، کە دوای کوژرانی داواکراوترین سەرۆک کارتێلی ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتە سەریان هەڵداوە و تاوەکو ئێستا دەیان کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
سوپای مەکسیک رایگەیاند، نێمێسیۆ ئۆسێگێرا، ناسراو بە "ئێل مێنچۆ" و سەرۆکی کارتێلی "نەوەی نوێی خالیسکۆ - CJNG"، رۆژی یەکشەممە لە شارۆچکەی تاپالپا لە ویلایەتی خالیسکۆ، لەکاتی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو، دواتر لەکاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی، گیانی لەدەستدا.
هەواڵی کوژرانی ئەو سەرۆک کارتێلە کە 15 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ دەستگیرکردنی تەرخانکرابوو، شەپۆلێکی فراوانی تووندوتیژیی لێکەوتەوە. چەکدارانی کارتێلەکە لە 20 ویلایەتی جیاوازدا رێگە سەرەکییەکانیان داخست و دەستیان بە سووتاندنی ئۆتۆمبێل و ناوەندە بازرگانییەکان کرد.
عومەر گارسیا هارفوچ، وەزیری ئاسایشی مەکسیک رایگەیاند، لەو پێکدادانانەدا کە دوای کوژرانی ئێل مێنچۆ روویاندا، لانیکەم 25 ئەندامی گاردی نیشتمانی، پاسەوانێکی زیندان و کارمەندێکی داواکاری گشتی کوژراون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، 30 چەکداری سەر بە کارتێلەکەش لە شەڕەکاندا کوژراون.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەو سەرۆک کارتێلە، ریکاردۆ ترێڤیلا، وەزیری بەرگریی مەکسیک ئاشکرای کرد، لەو هێرشە تایبەتەی هێزە ئەمنییەکاندا، هەشت چەکداری کارتێلەکە کوژراون و سێ سەربازیش بریندار بوون. سوپای مەکسیک دەستیشی بەسەر چەندین جۆر چەکدا گرتووە، لەوانە مووشەکهاوێژی دژە فڕۆکە.
تووندوتیژییەکان ژیانی رۆژانەیان لە چەندین شار پەکخستووە. لە گوادالاخارا، کە یەکێکە لەو شارانەی میوانداری مۆندیالی 2026 دەکات، قوتابخانەکان داخران و گواستنەوەی گشتی راگیرا. لە شارە گەشتیارییەکانی وەک پوێرتۆ ڤایارتا، گەشتیاران لە هۆتێلەکاندا گیریان خواردووە و بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە، وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا هۆشدارییان دایە هاووڵاتییانیان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاردانەوەی ئەو دۆخە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "دەبێت مەکسیک هەوڵەکانی دژی کارتێلەکان و ماددە هۆشبەرەکان چڕتر بکاتەوە." ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن گوشار دەخاتە سەر مەکسیک بۆ رێگریکردن لە لێشاوی ماددەی هۆشبەر، ئەگەرنا سزای پێناسی گومرگی بەسەردا دەسەپێنێت.
سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکان، کلۆدیا شاینباوم، سەرۆککۆماری مەکسیک رایگەیاند، هیچ هێزێکی ئەمریکی بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکردووە، بەڵام کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە "زانیاری هەواڵگرییان" بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە پێشکێشی مەکسیک کردووە.