چوار ساڵ جەنگ لە ئۆکراینا؛ پێنج وێستگەی سەرەکیی خوێناویترین ململانێی ئەورووپا
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئۆکراینا کە بەهۆی هێرشی سەربازیی رووسیا لە ساڵی 2022ەوە دەستیپێکرد، پێ دەنێتە پێنجەمین ساڵی تەمەنیەوە. ئەم جەنگە کە بە خوێناویترین ململانێی ئەورووپا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم دادەنرێت، بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە. لێرەدا پێنج وێستگەی سەرەکیی چوار ساڵی رابردووی جەنگەکە خراونەتەڕوو.
شوباتی 2022؛ دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکە
رۆژی 21ی شوباتی 2022 ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەربەخۆیی ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ناساند. سێ رۆژ دواتر و لە بەرەبەیانی 24ی شوبات، پووتین "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ی بۆسەر ئۆکراینا راگەیاند. هەرچەندە سوپای رووسیا لە باشوور و باکووری رۆژهەڵاتەوە پێشڕەویی کرد، بەڵام لە گرتنی کیێڤی پایتەخت شکستی هێنا، تەنیا شاری ماریوپۆل دوای گەمارۆیەکی تووند کەوتە دەست رووسەکان.
بەهاری 2022؛ کۆمەڵکوژیی بوچا و فەرمانی دەستگیرکردنی پووتین
دوای پاشەکشەی هێزەکانی رووسیا لە دەوروبەری کیێڤ، تەرمی سەدان مەدەنی لە شەقامەکانی بوچا دۆزرانەوە. ئۆکراینا رووسیای بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" تۆمەتبار کرد. ئەم رووداوە وایکرد لە 17ی ئازاری 2023، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پووتین دەربکات، بە تۆمەتی "راگوێزانی نایاسایی" منداڵانی ئۆکراینا.
هاوینی 2022 - زستانی 2023؛ هێرشی پێچەوانە و یاخیبوونی ڤاگنەر
بە پاڵپشتیی چەکەکانی رۆژئاوا، ئۆکراینا بەشێکی زۆری لە خارکیڤ و خێرسۆن کۆنترۆڵکردەوە. لەو ماوەیەدا شاری باخموت بەتەواوی وێران بوو. لە نێوەڕاستی 2023، ناوخۆی رووسیاش شڵەژا؛ گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتیی یێڤگێنی پریگۆژین یاخیبوون و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن، بەڵام دواتر پاشەکشەیان کرد و پریگۆژینیش دوای دوو مانگ لە رووداوێکی گوماناوی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا.
گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی رووسیا
لە ئابی 2024دا هێزەکانی ئۆکراینا شۆکێکیان دروستکرد و سنووری رووسیایان بەزاند و بەشێک لە ناوچەی "کورسک"یان گرت. بەڵام لە ئاداری 2025 رووسیا بە هاوکاریی هێزەکانی کۆریای باکوور ناوچەکانی گرتەوە. لەم قۆناخەدا رووسیا مووشەکی بالیستیی نوێی "ئۆرێشنیک"ی بەکارهێنا کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و چەندین کارگەی سەربازیی پێ پێکاند.
2025 - 2026؛ دیپلۆماسییەکەی ترەمپ و زستانی سەخت
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی گۆڕانکاریی گەورەی دروستکرد. ترەمپ هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی کیێڤی کرد و داوای رێککەوتنی کرد. لە تشرینی دووەمی 2025دا پلانێک ئاشکرا، کرا کە تێیدا ئۆکراینا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی دەبێت لە بەرامبەر گەرەنتی ئەمنی. لە زستانی 2026دا، رووسیا تۆڕی وزەی ئۆکراینای پەکخست و سەدان هەزار کەس لە تاریکی و سەرمادا مانەوە، هاوکات دانوستانەکان لە ئەبوزەبی و جنێڤ لە نێوان مۆسکۆ، کیێڤ و واشنتن بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.