ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان دروزەکان و حکومەتی سووریادا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سەرپەرشتیی دانوستاندنەکانی نێوان سەرکردەیەکی دیاری دروزەکان و حکومەتی سووریا دەکات، ئەوەش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زیندانییانەی لە کاتی پێکدادانەکەی ساڵی رابردووی پارێزگای سوەیدا دەستبەسەرکران.
رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، بەرپرسێکی دروزەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئێستا دانوستاندنێک بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان شێخ حیکمەت هەجەری و حکومەتی دیمەشق لە ئارادایە."
تەممووزی ساڵی رابردوو، پێکدادانی خوێناوی لەنێوان چەکدارانی دروز و هۆزە سوننەکان لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا روویدا و لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران. حکومەتی سووریا رایگەیاند هێزەکانی بۆ راگرتنی شەڕەکە دەستوەردانیان کرد، بەڵام هاووڵاتییانی دروز، دیمەشقیان تۆمەتبار کرد بەوەی لایەنگریی هێزە سوننەکانی کردووە.
ئامانجی دانوستاندنەکان ئازادکردنی 61 هاووڵاتی سڤیلی خەڵکی سوەیدایە کە لە رووداوەکانی تەممووزدا لای هێزەکانی سووریا دەستبەسەرکران، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی (گاردی نیشتمانی) کە سەر بە شێخ حیکمەت هەجەریین، 30 کارمەندی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا ئازاد دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، شەڕەکەی سوەیدا زیاتر لە دوو هەزار کوژراوی لێکەوتەوە، کە 789 کەسیان هاووڵاتیی دروز بوون.
دۆخی پارێزگای سوەیدا هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە دیمەشق بە سەپاندنی گەمارۆ تۆمەتبار دەکەن، بەڵام حکومەتی سووریا ئەوە رەتدەکاتەوە. بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە تائێستا دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون.
شێخ حیکمەت هەجەری داوای دروستکردنی هەرێمێکی جیاواز بۆ پێکهاتەی دروز دەکات و دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی لە شاری سوەیدا و دەوروبەری پێکهێناوە کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیدا نییە.
لە کاتی پێکدادانەکاندا، ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی سوپای سووریا و شوێنە نزیکەکانی کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای بۆردوومان کرد و رایگەیاند، ئەو کارەی بۆ بەرگریکردن لە پێکهاتەی دروز کردووە.