پەرلەمانتارێکی ئەورووپا: دۆستێکی زۆری کورد لێرە هەن و پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ سیسیلیا سترادا، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپی سۆشیال دیموکراتەکان کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر رۆڵی هەرێمی کوردستان وەکو فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرایەوە.
 
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پوختەیەک لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانتارە ئەورووپییەکە خستووەتەڕوو. ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆی رووداوەکان روون کراوەتەوە، بەتایبەت ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانی و پێکەوەژیان.
 
رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە
 
تەوەرێکی سەرەکیی دانیشتنەکە تەرخانکرابوو بۆ رووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. لەو بارەیەوە نوێنەری حکومەت باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لەوێ، "هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی ئارامییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا."
 
سترادا: ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ کوردستان
 
سیسیلیا سترادا، کە وەکو دۆستێکی دێرینی گەلی کوردستان دەناسرێت و پێشتر رۆڵی کاریگەری هەبووە لە دروستکردنی "نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی" بۆ هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە، "کورد دۆستێکی زۆری لە پەرلەمانی ئەورووپا هەیە." سترادا ئامادەیی خۆی و گرووپەکەی دەربڕی بۆ هەر جۆرە پشتگیری و هاوکارییەک، کە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلی کورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات.
 
پرۆژەی هاوبەش لە پەرلەمانی ئەورووپا
 
لە دیدارەکەدا، باس لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک چالاکی و پرۆژەی هاوبەش کرا، کە بڕیارە لەناو پەرلەمانی ئەورووپا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بە ئامانجی زیاتر ناساندنی دەستکەوتەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە.