پاریس دەرگای وەزارەتەکانی بە رووی باڵیۆزی ئەمریکادا داخست

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدا رێگە بە چارڵز کوشنەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە پاریس نەدات سەردانی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزەکە ئامادەنەبوو بچێتە وەزارەتی دەرەوە بۆ روونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی سەبارەت بە کوژرانی چالاکڤانێکی فەرەنسی.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لەبەر رۆشنایی ئەم شکستهێنانە دیارە لە تێگەیشتن لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی ئەرکی باڵیۆز و شەرەفی نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی، وەزیر (ژان نۆێل بارۆ) داوای کردووە کە ئیدی رێگەی پێنەدرێت [کوشنەر] راستەوخۆ دەستی بە ئەندامانی حکومەتی فەرەنسا رابگات."
 
کێشەکە لە چییەوە دەستیپێکرد؟
 
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، کوشنەری بۆ کاتژمێر 7ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بانگهێشت کردبوو تاوەکو روونکردنەوە بدات لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەربارەی کوژرانی "کوێنتین دێرانک"، چالاکڤانی راستڕۆی تووندڕۆی فەرەنسی. بەڵام کوشنەر بە پاساوی "پەیوەستبوونی کەسیی" ئامادە نەبوو بچێتە وەزارەت و بەرپرسێکی دیکەی باڵیۆزخانەکەی نارد.
 
کوێنتین دێرانکی تەمەن 23 ساڵ، لە 12ی شوباتدا لە شاری لیۆن و لە کاتی پێکدادانی نێوان لایەنگرانی چەپی رادیکاڵ و راستڕۆی تووندڕۆدا بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا. سارا رۆجەرز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دیپلۆماسیی گشتی، ئەو رووداوەی بە "تووندوتیژیی سیاسی و تیرۆر" ناوبرد، ئەوەش پاریسی تووڕە کرد و بە "قۆستنەوەی سیاسی" ناوی برد.
 
باڵیۆزە "سەرکێشەکە" کێیە؟
 
چارڵز کوشنەر، باوکی جارێد کوشنەر (زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ)ـە. ئەمە دووەمجارە لە ماوەی شەش مانگدا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەکرێت و ئامادە نابێت خۆی بچێت. جاری یەکەم لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بوو، کاتێک رەخنەی لە ئیمانوێل ماکرۆن گرتبوو و تۆمەتباری کردبوو بەوەی "بەپێی پێویست رووبەڕووی دژە جووی نابێتەوە."
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کوشنەر دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەرکە دیپلۆماسییەکانی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ بەرپرسانی دیکە بکات، بەڵام بۆی نییە بچێتە هیچ وەزارەتێک و چاوی بە هیچ وەزیرێکی حکومەتەکەی ماکرۆن بکەوێت. 
 
تاوەکو ئێستا واشنتن هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی بەرامبەر ئەم سزایەی پاریس نیشان نەداوە.