پاکستان بۆ رووداوی پشتڕاست دەکاتەوە کە نێوەندگیریی واشنتن و تاران دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ خامۆشکردنەوەی ئاگری جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا چڕتر بوونەتەوە. نوێنەری پاکستان بە فەرمی بۆ رووداو پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەشێکە لەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی دەیانەوێت هەردوولا بەرەو مێزی گفتوگۆ پەلکێش بکەن.
 
عاسم ئیفتخار ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رۆڵی وڵاتەکەی لە نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن، گوتی: "چەندین وڵاتی دۆست لەم بابەتەدا بەشدارن، ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوکاری ئەو هەوڵانە بین. بەڵێ".
 
ئەم دانپێدانانەی باڵیۆزی پاکستان، کێش و متمانەی زیاتر دەداتە ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی کەناڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکەن، هەرچەندە تاران تاوەکو ئێستا بە فەرمی رەتیدەکاتەوە.
 
رووسیا پشتیوانی لە بژاردەی دیپلۆماسی دەکات
 
لە لایەکی دیکەوە، رووسیا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانە، لە رێگەی رووداوەوە پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی دەربڕی. ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی راگەیاند: "بێگومان، ئەگەر گفتوگۆیەکی راستەقینە لە ئارادا بێت کە ببێتە هۆی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی، پشتیوانی دەکەین."
 
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە جەنگەکە چووەتە مانگی دووەمەوە و بە بەشداریی ئیسرائیل، تووندترین گورز لە سەرکردە باڵاکانی ئێران دراوە.
 
کاریگەرییە ئابوورییەکان و گوشاری سەر ترەمپ
 
بەردەوامیی شەڕەکە تەنیا لایەنی سەربازی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەرووی هورمزی نیمچە پەکخستووە، ئەمەش نرخی نەوت و بەنزینی لە جیهان و ناوخۆی ئەمریکا بەرزکردووەتەوە. ئەم گرانبوونەی سووتەمەنی، گوشاری سیاسیی تووندی خستووەتە سەر ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەت کە پارتەکەی (کۆمارییەکان) خۆیان بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس ئامادە دەکەن.
 
دانوستانی ڤانس و قالیباف؟
 
لە کاتێکدا دیپلۆماتکارانی ئەورووپا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن واشنتن کار لەسەر زەوینەسازییەک دەکات بۆ کۆبوونەوەی نێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئایا دیپلۆماسییەتی "پشت پەردە" دەتوانێت رێگری لە تەقینەوەی گەورەتری جەنگەکە بکات؟