لە پێکدادانی فڕۆکە و ئۆتۆمبێلە ئاگرکوژێنەوەکەی نیویۆرک دوو کەس مردن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (Air Canada) و ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوە لە سەر رێڕۆی فڕۆکەخانەی لاگواردیای شاری نیویۆرک، دوو فڕۆکەوان گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.
فڕۆکەکە لە جۆری پۆمباردیەر و گەشتی ژمارە 8646 بووە، کە لە شاری مۆنتریالی کەنەداوە بەرەو نیویۆرک چووە. بەهۆی تووندیی پێکدادانەکە، ژووری فڕۆکەوانەکە بە تەواوەتی تێکشکاوە و فڕۆکەکە لە سەر رێڕۆی نیشتنەوەدا پەکیکەوتووە. لە ناو فڕۆکەکەدا 76 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی هەبوون.
تۆمارێکی دەنگیی ناو تاوەری چاودێریی فڕۆکەخانە ئاشکرای دەکات، کارمەندی چاودێری رێگەی بە ئۆتۆمبێلەکەی ئاگرکوژێنەوە داوە لە رێڕۆی فڕۆکەکە بپەڕێتەوە، بەڵام دواتر بەپەلە هەوڵی داوە رایبگرێت. کارمەندەکە چەند چرکەیەک بەرلە پێکدادانەکە بە هاوارەوە گوتوویەتی: "بوەستە، ئۆتۆمبێلی ژمارە یەک، بوەستە،" بەڵام پێش ئەوەی بوەستێت کارەساتەکە روویداوە.
بەهۆی ئەم رووداوەوە، فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستدا. برایان بێدفۆرد، سەرۆکی فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی گوتی: "ئەمە تراژیدیایەکی تەواوە، ئەوان دوو گەنج بوون."
زیاتر لە 40 کەسی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام بەشێکی زۆریان دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان. هەروەها دوو کارمەندەکەی ناو ئۆتۆمبێلە ئاگرکوژێنەوەکەش دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکەی بە "ترسناک" وەسف کرد و گوتی: "ئەوان هەڵەیان کرد، ئەمە کارێکی مەترسیدارە."
لە لایەکی دیکەوە، مارك کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا گوتی ئەم رووداوە "زۆر دڵتەزێنە" و جەختی کردەوە، بەرپرسانی کەنەدی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان هاوکار دەبن بۆ دۆزینەوەی هۆکارە راستەقینەکانی ئەم کارەساتە.
ئەمە یەکەم رووداوی گیانلەدەستدانە لە فڕۆکەخانەی لاگواردیا لە ساڵی 1992ـەوە. بەهۆی رووداوەکەوە سەدان گەشت هەڵوەشێنرانەوە یان دواخران، گەشتیاران ناچار بوون شەو لە ناو تێرمینالەکاندا بمێننەوە. هەرچەندە دوانیوەڕۆی دووشەممە گەشتەکان دەستیان پێکردەوە، بەڵام هێشتا ئاسەواری پەککەوتن بە فڕۆکەخانەکەوە دیارە.
شاری نیویۆرک لە ساڵی 2024دا پڕۆژەیەکی 8 ملیار دۆلاریی بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئەم فڕۆکەخانەیە تەواو کرد، بەڵام ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی سەلامەتی و کەمیی کارمەندانی چاودێریی ئاسمانیی لە ئەمریکا هێناوەتە رۆژەڤ.