وەزیری نوێی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا دەستنیشان کرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنات)، 'مارکوەین مەڵین'ی وەک وەزیری نوێی ئاسایشی ناوخۆ (DHS) پەسند کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتەکە بەهۆی پەککەوتنی بەشێکی حکومەت و جێبەجێکردنی سیاسەتە تووندەکانی کۆچبەری لە دۆخێکی هەستیاردایە.
رۆژی سێشەممە 24-03-2026 (دووشەممە بەکاتی ئەمریکا)، سیناتۆرەکان بە 54 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 45 دەنگی نەخێر، رەزامەندییان لە سەر مەڵینی تەمەن 48 ساڵ نیشاندا. مەڵین کە پێشتر سێناتۆری کۆمارییەکان بووە لە ویلایەتی ئۆکلاھۆما، پێشینەیەکی وەرزشی هەیە و یاریزانی زۆرانبازی و هونەرە بەرگرییەکان (MMA) بووە. مەڵین بە هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپ ناسراوە.
مەڵین جێگەی کریستی نەوم دەگرێتەوە، کە سەرەتای ئەم مانگە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکار لادرا. هۆکاری دوورخستنەوەی نەوم بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی کۆچبەرە نایاساییەکان لە ویلایەتی مینیسۆتا دەگەڕێتەوە، کە تێیدا کارمەندانی فیدراڵی دوو خۆپیشاندەریان کوشت کە هاووڵاتیی ئەمریکی بوون.
لە کاتی دانیشتنی سیناتدا، مەڵین رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەو گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ وەزارەتەکە و گوتی: "ئامانجم ئەوەیە لە ماوەی 6 مانگدا، ئێمە چیدی هەواڵی سەرەکیی رۆژانە نەبین." مەڵین ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیە بۆ هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی کۆچبەران داوای "مۆڵەتی دادوەری" بکات، کە ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگە لە سیاسەتەکانی ئێستا و داواکارییەکی سەرەکیی دیموکراتەکانە.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ لە 14ـی شوباتەوە بەهۆی کێشەی بودجە لەگەڵ دیموکراتەکان، بەشێکی پەکیکەوتووە. ئەمەش کاریگەریی زۆری لە سەر ئاسایشی فڕۆکەخانەکان (TSA) هەبووە؛ کارمەندانی پشکنین چەندین هەفتەیە بێ مووچە کار دەکەن و زیاتر لە 300 کارمەندیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی زۆری گەشتە ئاسمانییەکان.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە کارمەندانی ئاژانسی کۆچ و گومرگ (ICE) لە فڕۆکەخانەکان جێگیر بکات تاوەکو هاوکاریی پڕۆسەی پشکنینی گەشتیاران بکەن و گوشارەکان کەم بکەنەوە.
مارکوەین مەڵین کێیە؟
لە 26-07-1977 لە شاری (تەڵسا)ی ئۆکلاهۆما لەدایکبووە و ئەندامی حیزبی کۆمارییەکانی ترەمپە. لە 2023 وەک سیناتۆر لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1997 لەگەڵ کریستی رۆوان ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و ئێستا شەش منداڵیان هەیە.