دوای 8 ساڵ دانوستاندن ئوسترالیا و یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێکی مێژوویی بازرگانی و بەرگرییان واژۆ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رێککەوتنێکی مێژوویی بازرگانیی ئازادیان واژۆ کرد. ئەم رێککەوتنە کە هەشت ساڵ بوو گفتوگۆی لەسەر دەکرا، لە کاتێکدا دێت کە جیهان بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە دۆخێکی نادیاری ئابووریدایە.

جگە لە رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد، رۆژی سێشەممە 24-03-2026 هەردوولا رێککەوتننامەیەکیان بۆ زیادکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان و دابینکردنی "مادە خاوە سەرەکییەکان" واژۆ کرد. 
 
ڤۆن دێر لاین لە بەردەم پەرلەمانی ئوسترالیا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا و ئوسترالیا بە بەها هاوبەشەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە و دەبێت هاوکار بن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە وڵاتانی وەک چین بۆ دەستکەوتنی کانزا دەگمەنەکان. سەرۆکی کۆمسیۆن گوتی: "ئاسایشی ئێمە ئاسایشی ئێوەیە."
 
رێککەوتنەکە دوای تێپەڕاندنی چەندین خاڵی ناکۆک هات، لەوانە بەکارهێنانی ناوی جوگرافیی بەرهەمە ئەورووپییەکان لە لایەن ئوسترالیاوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پشکی گۆشتی مانگای ئوسترالیا بۆ ناو بازاڕەکانی ئەورووپا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بۆ زیاتر لە 10 هێندەی ئێستا زیاد دەکات، هەرچەندە ئەمە هێشتا کەمترە لەو بڕەی ئاژەڵدارانی ئوسترالیا داوایان دەکرد.
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئەورووپی سوودمەندی سەرەکی دەبن، چونکە ئوسترالیا بڕیاری دا 3/4ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان (EV) باجیان لەسەر هەڵگرێت. یەکێتیی ئەورووپا پێشبینی دەکات هەناردەی بۆ ئوسترالیا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 1/3 زیاد بکات. ساڵی 2025، کۆمپانیا ئەورووپییەکان بە بەهای 37 ملیار یۆرۆ کاڵا و 31 ملیار یۆرۆ خزمەتگوزارییان بۆ ئوسترالیا هەناردە کردووە.
 
سەردانەکەی ڤۆن دێر لاین بۆ ئوسترالیا لەژێر کاریگەریی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوو. سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا داوای راگرتنی دەستبەجێی جەنگی کرد، چونکە زنجیرەی دابینکردنی وزەی جیهانی کەوتووەتە دۆخێکی "مەترسیدارەوە."
 
ئەم داوایە دوای هۆشدارییەکەی فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) دێت کە گوتبووی جیهان لەبەردەم قەیرانێکی وزەدایە کە چەندین دەیەیە هاوشێوەی نەبووە. ئوسترالیاش کە بە زۆری پشت بە سووتەمەنی هاوردەکراو دەبەستێت، کەوتووەتە ژێر گوشاری گرانیی نرخەکان.