وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نزیک شاری هەولێر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەش پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی ئێران شەهید بوون و 30ـی دیکەش برینداربوون؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و سەرەخۆشیی لە خێرانی ئەو پێشمەرگانە دەکەن کە لە هێرشەکەدا شەهید بوون.
رۆژی چوارشەممە 25-03-2026 (سێشەممە بەکاتی ئەمریکا) تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت: "ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە فراوانەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆریستەکانی عێراق دەکات، لە دژی هاووڵاتییانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش هێرشە قێزەونەکەی ئەمڕۆ لە نزیک هەولێر لە هەرێمی کوردستان."
پیگۆت هەروەها گوتی: "سەرەخۆشی لە خێرانی ئەو پێشمەرگانە دەکەین کە کوژراون و هیوای چارەسەری خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین."
بەرەبەیانی سێشەممە بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە سپیلک لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر. وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فیرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن."