وەزارەتی جەنگی ئەمریکا: دەستمان بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەی راگەیاند کە دەگوترێت پەیوەندیی بە قاچاخبردنی نەوتی ئێرانەوە هەبووە. ئەوەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران دوو کەشتیی لە تەنگەی هورمز دەستبەسەر کردبوو.
رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، پێنتاگۆن گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر کەشتیی نەوتهەڵگری (Majestic X) لەناو زەریای هیندیدا بوون. پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسا دەریاییەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ تێکدانی تۆڕە نایاساییەکان و رێگری لەو کەشتییانەی هاوکاریی ماددی پێشکەشی ئێران دەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی کەشتیوانی، ئەو کەشتییە کە بە ئاڵای گینیاوە دەڕۆیشت و بەرەو بەندەری ژۆوشان لە چین بەڕێوەبوو، لە ناوچەی نێوان سریلانکا و ئەندۆنیزیا دەستی بەسەردا گیراوە.
کەشتیی (Majestic X) کە پێشتر ناوی (Phonix) بوو، لە ساڵی 2024ەوە لە لایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە بەهۆی پێشێلکردنی سزاکان و بە قاچاخبردنی نەوتی خاوی ئێران، خرابووە لیستی رەشەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستەکەی درێژکردوەتەوە، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانی وەک خۆی هێشتووەتەوە.