راپۆرتێک: داواکاری گشتیی بەریتانیا لە پشت 'بوختانێکی گەورە'وە بووە دژی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق


رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی رۆژنامەڤانی پەردە لەسەر رۆڵی لۆرد هێرمەر، داواکاری گشتیی ئێستای بەریتانیا لادەبات لە یەکێک لە گەورەترین ئابڕووچوونە یاساییەکانی مێژووی سوپای بەریتانیا. بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن، ریچارد هێرمەر رێنمایی یاسایی داوە بەو عێراقییانەی بە درۆ تۆمەتی ئەشکەنجەدان و کوشتنیان دایە پاڵ سەربازانی بەریتانیا، سەرەڕای ئەوەی ئاگادار کرابووەوە کە زانیارییەکان "درۆن".
 
ئەو کەیسە کە بە ئابڕووچوونی "ئەلسوەیدی" ناسراوە، پەیوەندی بە شەڕی "دانی بۆی" لە ساڵی 2004ەوە هەیە لە عێراق. عێراقییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سەربازە بەریتانییەکان جووتیارەکانیان کوشتوون، بەڵام "دواتر دەرکەوت کە هەموو ئەو کەسانە ئەندامی سوپای مەهدی بوون" کە سەر بە موقتەدا سەدر بوون.
 
لێکۆڵینەوەکە رۆژنامەی تەلەگراف کردوویەتی، تێیدا ئاشکرابووە، هێرمەر لە ساڵی 2008ەوە تێوەگلابوو لەم دۆسیەیەدا. هێرمەر رێککەوتنێکی واژۆ کردبوو رێگەی پێدەدا ئەگەر دۆسیەکە بباتەوە، تێچووەکانی 100٪ زیاد بکات. ئەو بۆ کارەکانی لەو دۆسیەیەدا داوای 450 پاوەندی بۆ هەر کاژێرێک کار دەکرد.
 
هێرمەر لە نامەیەکدا بۆ هاوکارەکانی نووسیبوی: "ئەم دۆسیە عێراقییانە بیرخستنەوەیەکی باشن بۆ ئەوەی بۆچی ویستم ببمە پارێزەر."
 
ئیمەیڵەکان ئاشکرای دەکەن کە هێرمەر و پارێزەرانی کۆمپانیای (Leigh Day) ئاگادار بوون کە هەندێک لە بانگەشەکانی عێراقییەکان "ناواقیعیین". بۆ نموونە، یەکێک لە سکاڵاکاران گووتبووی کە لە کاتی جەنگدا بە تەکسی رۆیشتووە بۆ کڕینی ماست و لەوێ گیراوە. سەرەڕای ئەم گومانانە، هێرمەر داوای کردوە کە لە راگەیێندراوە رۆژنامەوانییەکاندا "گوشار"ی زیاتر دروست بکەن و تۆمەتەکان تووندتر بکەن.
 
بە رێنمایی هێرمەر، دێڕێکی نوێ بۆ راگەیێندراوەکە زیادکرا کە دەیگوت: "رزگاربووان باس لەوە دەکەن شایەتی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی هاونیشتمانییەکانیان بوون." ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هاوکارەکەی، فیل شاینەر، سوپای بەریتانیا بە کوشتارێکی هاوشێوەی "مای لای" لە ڤێتنام تۆمەتبار بکات.
 
دوای چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە کە 31 ملیۆن پاوەندی تێچوو، لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئەلسوەیدی لە ساڵی 2014 رایگەیاند، تۆمەتەکان "درۆی ئەنقەست" بوون. فیل شاینەر، کە هاوکاری هێرمەر بوو، لە ساڵی 2017 بەهۆی بێڕەوشتیی پیشەییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و دواتر لە ساڵی 2024 بە تاوانی ساختەکاری سزادرا.
 
سەرەڕای ئەم مێژووە تەمومژاوییە، کیەر ستامەر لە تەمموزی 2024دا هێرمەری کردە لۆرد و وەک داواکاری گشتیی وڵاتەکەی دەستنیشانی کرد. 
 
گوتەبێژێکی لۆرد هێرمەر لە وەڵامی راپۆرتەکەدا بە تەلەگرافی راگەیاندووە، ئەو هەمیشە بە "بەرزترین ستانداردە پیشەییەکان" کاری کردوە و رەتیدەکاتەوە ئاگاداری ئەوە بووبێت تۆمەتەکان ناڕاستن. 
 
رەخنەگران پێیانوایە تێوەگلانی ئەو لەم کارەدا، وای لێدەکات کەسێکی شیاو نەبێت بۆ بوونی بە راوێژکاری باڵای یاسایی حکومەت.