کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی بۆ رووداو: کاتی ئەوەیە هەژموونی ئێران لە عێراق بنبڕ بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پشتیوانیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق دەربڕی و رایگەیاند، لاوازبوونی ئێران یارمەتیی بەغدا دەدات حکومەتێکی "دادپەروەر و ئازاد" پێکبهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ لە عێراق بەردەوامن.
جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری بۆ ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداوی رایگەیاند، گرنگیدانی بە عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دوو کوڕەکەی لەوێ خزمەتی سەربازییان کردووە.
جۆ ویڵسن بە رووداوی گوت: "ئامانجی سەرەکی ئەوەیە هەژموونی ئێران نەهێڵدرێ."