داهێنانێکی نوێی ئۆکراینا؛ لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە 'درۆنەکانی رووسیا' دەخاتە خوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا تەکنەلۆژیایەکی نوێی پەرەپێداوە و دەتوانێت لە دووریی سەتان و تەنانەت هەزاران کیلۆمەترەوە، درۆنە رووسییەکان بخاتە خوارەوە.
 
ئۆکراینا زۆر شانازی بە تەکنەلۆجیای درۆنەکانیەوە دەکات کە لە دوای هێرشی رووسیا لە ساڵی 2022ـەوە بە خێرایی پەرەی پێداوە. بەتایبەتی "درۆنە بەرپەرچدەرەوەکان" یاخود درۆنە راوچییەکان. ئەمانە بریتین لەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی دەچن لە ئاسماندا خۆیان بە درۆنی هێرشبەری رووسیدا دەتەقێننەوە.
 
کێیڤ دەڵێت، ئەم تەکنەلۆژیایە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە.
 
چۆن لە دوورەوە جڵەو دەکرێن؟
 
بە دۆخێکی ئاساییدا، ئەو کەسەی درۆن دەفڕێنێت، دەبێت لە نزیک گۆڕەپانی شەڕەکە بێت بۆ ئەوەی سیگناڵی باش بێت، بەڵام ئۆکراینا سیستمێکی نوێی داهێناوە کە لە رێگەی ئینتەرنێتی خێرا یان مانگی دەستکردەوە کار دەکات. ئەمە رێگە بە درۆنەوانەکە دەدات لە هەر شوێنێکی جیهانەوە بێت، بە شاشەیەک و دەسکێکی هاوشێوەی دەسکی پلەیستەیشن، درۆنەکە بفڕێنێت و جڵەوی بکات.
 
میخایلۆ فیدۆرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا لە تەلەگرام نووسیویەتی: "ئۆکراینا یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆنترۆڵکردنی درۆنە بەرپەرچدەرەوەکان لە دوورەوە فراوان دەکات." گوتیشی: "ئەمڕۆ ئەنجامە پشتڕاستکراوەکانمان هەیە، دەتوانین ئامانجەکان لە دووریی سەتان و هەزاران کیلۆمەترەوە بخەینە خوارەوە."
 
فیدۆرۆڤ روونیکردەوە کە بەم داهێنانە، "ئیدی ئەو کەسەی درۆنەکە دەفڕێنێت بەند نییە بە شوێنێکی دیاریکراوەوە. درۆنەکە لە ئاسمانە، بەڵام لە ژینگەیەکی ئارام لە کێیڤ، لڤیڤ، یان تەنانەت لە دەرەوەی وڵات کۆنترۆڵ دەکرێت."
 
تاقیکردنەوەی پەرلەمانتارەکە
 
هەرچەندە وەزیری بەرگری ئاشکرای نەکرد ئەم تاقیکردنەوانە کەی و لە کوێ کراون، بەڵام کۆمپانیای (Wild Hornets) کە دروستکەری درۆنە لە ئۆکراینا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە یەکێک لە درۆنڤانەکانیان لە "دەرەوەی وڵاتەوە" درۆنێکی بە ئاسمانی "باکووری ئۆکراینا"دا فڕاندووە.
 
رۆژی سێشەممە، ماریان زابلۆتسکی، پەرلەمانتاری ئۆکراینا دانی بەوەدا نا کە ئەو کەسە خۆی بووە و رووداوەکەی بە "تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی" ناوبرد.
 
زابلۆتسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "من سەرەتا لە نووسینگەکەی خۆمەوە درۆنێکی بەرپەرچدەرەوەی (FPV)م فڕاند، دواتر لەسەر سنووری دەوڵەت  و دواتریش لە دووریی نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە خودی درۆنەکەوە - واتە لە دەرەوەی وڵات."
 
ئەم پەرلەمانتارە پێشتر راهێنانی بەکارهێنانی درۆنی کردووە و وەک خۆبەخشێک گرێبەستی لەگەڵ هێزەکانی بەرگریی ئۆکراینا هەیە. ئەو دەڵێت: "پێموایە ئەم پێشکەوتنە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ وەستاندنی یەکجارەکیی هێرشەکانی رووسیا."
 
کۆمپانیای (Wild Hornets)یش بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردووەتەوە کە زابلۆتسکی درۆنەکەی کۆنترۆڵ کردووە و ئامانجیان ئەوەیە ئەم سیستمی کۆنترۆڵکردنە لە دوورەوە "ببێتە رێگەی سەرەکی بۆ بەکارهێنانی درۆنەکان".
 
وەزیری بەرگریش باسی لەوە کرد، کە زیاتر لە 10 کۆمپانیای دروستکەری درۆن ئەم چارەسەرەیان خستووەتە ناو سیستمەکانیانەوە.