شەڕی ئێران دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی چەکە پێشکەوتووەکان لە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ

لەو کاتەوەی شەڕی ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکردووە، ئەمریکا نزیکەی 1,100 مووشەکی کروزی دوورهاوێژی بەکارهێناوە کە بۆ شەڕ لەگەڵ چین دروستکرابوون، ئەمەش نزیکە لە کۆی گشتی ئەو ژمارەیەی لە کۆگاکانی ئەمریکادا ماون. سوپاکە زیاتر لە 1,000 مووشەکی کروزی جۆری تۆماهۆکی تەقاندووە، کە نزیکەی 10 هێندەی ئەو ژمارەیەیە ساڵانە دەیانکڕێ.
 
 
بەپێی خەمڵاندنە نێوخۆییەکانی وەزارەتی بەرگری و بەرپرسانی کۆنگرێس، پێنتاگۆن زیاتر لە 1,200 مووشەکی بەرپەرچدانەوەی پاتریۆتی لە شەڕەکەدا بەکارهێناوە، کە نرخی هەر یەکێکیان زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلارە، هەروەها زیاتر لە 1,000 مووشەکی زەمینیی جۆری وردپێکێن و مووشەکی کورتهاوێژی زۆر خێرای بەکارهێناوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی جێگەی نیگەرانی چەک لە کۆگاکان.
 
گواستنەوەی مووشەک و چەک لە فەرماندەییەکانی دیکەوە 
 
وەک رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێ، شەڕی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زۆربەی کۆگای تەقەمەنیی جیهانیی سوپای ئەمریکای کەمکردووەتەوە و پێنتاگۆنی ناچارکردووە بۆمب، مووشەک و کەرەستەی دیکە لە فەرماندەییەکانی ئاسیا و ئەورووپاوە بەپەلە بگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بە گوێرەی بەرپرسانی حکومەت و کۆنگرێس، کەمبوونەوەی چەک وایکردووە کە ئەو فەرماندەییە هەرێمییانە کەمتر ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانی وەک رووسیا و چین، هەروەها ئەمریکای ناچارکردووە رێگە بۆ زیادکردنی بەرهەم بدۆزێتەوە تاوەکو قەرەبووی کەمبوونەوەکە بکاتەوە.
 
هەروەها، جەنگەکە پشتبەستنی زیاد لە پێویستی پێنتاگۆن بە مووشەک و تەقەمەنیی زۆر گرانبەهای دەرخست، بەتایبەتی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی بەرگریی ئاسمانی. جەنگەکە پرسیاری جیدی دروستکرد سەبارەت بەوەی کە ئایا پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا دەتوانێت چەکی هەرزانتر، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، زۆر خێراتر پەرەپێبدات.
 
 وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای نەکردووە کە چەند تەقەمەنیی لە ماوەی 38 رۆژی شەڕدا بەکارهێناوە پێش ئەوەی ئاگربەستێک دوو هەفتە لەمەوبەر بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. پێنتاگۆن دەڵێت، زیاتر لە 13,000 ئامانجی بۆردوومان کردووە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، ئەم ژمارەیە ژمارەی راستەقینەی بۆمب و مووشەکە بەکارهاتووەکان دەرناخات، چونکە زۆرجار فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکان چەندین جار چەند ئامانجێک بۆردوومان دەکەن.
 
خەرجیی جەنگەکە رۆژانە نزیکەی 1 ملیار دۆلار بووە 
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی رەتیانکردووەتەوە تێچووی جەنگەکە تاوەکو ئێستا بخەمڵێنن، بەڵام دوو گرووپی سەربەخۆ دەڵێن، خەرجییەکە زۆر گەورەیە: لەنێوان 28 ملیار دۆلار بۆ 35 ملیار دۆلار، یان کەمێک کەمتر لە 1 ملیار دۆلار لە رۆژێکدا.
 
بەرپرسانی بەرگری بە ئەندامانی کۆنگرێسیان گوتووە، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمدا، سوپا بایی 5.6 ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێناوە.
 
بۆ گەڕاندنەوەی کۆگای جیهانیی ئەمریکا بۆ قەبارەی پێشووی، ئەمریکا دەبێت لەم ماوەیەدا بڕیاری سەخت بدات سەبارەت بەوەی کە لە کوێ هێزی سەربازیی خۆی بهێڵێتەوە. سیناتۆر جاک ریدی ئەندام لە لیژنەی هێزە سەربازییەکان دەڵێ: "بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئێستا، قەرەبووکردنەوەی ئەوەی بەکارمان هێناوە رەنگە چەندین ساڵی بوێت."
 
مارک ئێف کانسیان، عەقیدی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی و راوێژکارێکی باڵا لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی دەڵێ: "ئەمریکا تەقەمەنی زۆری هەیە، بەڵام هەندێک تەقەمەنیی گرنگی هێرشی زەمینی و بەرگریی مووشەکی پێش شەڕ کەم بوون و ئێستا کەمتریش بوونەتەوە."
 
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "تەواوی بنەمای ئەم چیرۆکە هەڵەیە؛" هەروەها باس لەوە دەکات: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهێزترین سوپای لە جیهاندا هەیە، چەکی زیاد لە پێویستی هەیە، لە کۆگاکانی نێوخۆ و سەرانسەری جیهاندا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە نیشتمان بکات و هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن فەرماندەی گشتییەوە داوا بکرێ، ئەنجام بدات."
 
بەرپرسان دەڵێن، ئەوەی دۆخەکە بۆ پێنتاگۆن مەترسیدارتر دەکات ئەوەیە کە وەزارەتی بەرگری چاوەڕێی کۆنگرێس دەکات بۆ پەسندکردنی بودجەی زیادە پێش ئەوەی بتوانێت پارەی بەرهەمهێنەرانی چەک بدات بۆ پڕکردنەوەی کۆگا بەتاڵکراوەکانی ئەمریکا. لە مانگی یەکدا، ئیدارەکە رایگەیاند کە رێککەوتنی حەوت ساڵەی لەگەڵ بەڵێندەرە گەورەکانی بواری بەرگری واژۆ کردووە، لەوانە لۆکهید مارتن، بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی سیستمی بەرگری وەک مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکان.
 
رێککەوتنەکە جەخت لە چوار هێندەکردنی بەرهەمهێنانی چەکی وردپێک و مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی تادی دەکردەوە. بەرهەمهێنەرانی بواری بەرگری، لەلایەن خۆیانەوە، رەزامەندییان دەربڕی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ فراوانکردنی کارگەکان لە بەرامبەر داواکارییە درێژخایەنە مسۆگەرکراوەکاندا.
 
بەڵام بەرپرسان دەڵێن، هیچ جووڵەیەک بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانە بەرفراوانەکە نەکراوە، چونکە پێنتاگۆن لە هەوڵدا بووە بۆ بەدەستهێنانی بودجە.
 
بەکارهێنانی مووشەکە پێشکەوتووەکان لە جەنگی ئێراندا 
 
لەم نێوەندەدا، سوپا کۆگاکانی چەکی ئێستای خۆی بە قەبارەیەکی بەرز بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە دەستبەجێکانی فەرماندەیی ناوەندی لە شەڕی ئێراندا. ژمارەی هەندێک تەقەمەنی خێراتر لەوانی دیکە کەم دەکات.
 
بۆ نموونە، پێنتاگۆن زۆربەی کۆگای مووشەکە کروزە دوورهاوێژ و نهێنییەکانی خۆی بۆ شەڕی دژی ئێران تەرخان کردووە. ئەم مووشەکانە، کە پێیان دەگوترێت مووشەکی هەوایی-زەمینیی دوورمەودا (JASSM-ER)، لە فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمبهاوێژەکانەوە هەڵدەدرێن و مەودایان زیاتر لە 965 کیلۆمەترە. ئەوان بۆ لێدانی ئەو ئامانجانە دیزاین کراون کە لە شوێنی قووڵ و سەخت دروستکراون. 
 
بەپێی خەمڵاندنە نێوخۆییەکانی پێنتاگۆن و بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و بەرپرسێکی کۆنگرێس کە بە مەرجی نەناساندنی ناویان قسەیان بۆ (نیویۆرک تایمز) کردووە، لەوەتەی شەڕەکە دەستیپێکردووە، سوپا نزیکەی 1,100 مووشەکی JASSM-ERی بەکارهێناوە، کە نرخی هەر یەکێکیان نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلارە؛ نزیکەی 1,500 مووشەک لە کۆگاکانی سوپادا ماون.
 
تۆماهۆک، کە نرخی هەر یەکێکیان نزیکەی 3.6 ملیۆن دۆلارە، مووشەکی کروزی دوورهاوێژە کە لە شەڕی یەکەمی کەنداو لە ساڵی 1991ەوە بە فراوانی لە لایەن ئەمریکاوە بەکاردەهێندرێ. ئەو جۆرە مووشەکە وەک چەکی سەرەکی هەر شەڕێکی داهاتوو دەمێنێتەوە، لەوانەش شەڕ لە ئاسیا.
 
توێژینەوەیەکی (سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی)ی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 3,000 مووشەک لە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا ماون و باس لەوە دەکات: "لەکاتێکدا تەقەمەنیی پێویست بۆ بەردەوامیدان بەم شەڕە هەیە، بەکارهێنانی زۆری تۆماهۆک و مووشەکەکانی دیکە لە ئۆپەراسیۆنەکدا مەترسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئۆپەراسیۆن دروست دەکات، بەتایبەتی لە رۆژئاوای زەریای هێمن."
 
دەکرێ نرخی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی پاتریۆت بگاتە نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار بۆ هەر یەکێکیان. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تەواوی ساڵی 2025دا نزیکەی 600 دانەی لێ بەرهەمهێناون. بەپێی خەمڵاندنە نێوخۆییەکانی پێنتاگۆن و بەرپرسانی کۆنگرێس، تا ئێستا زیاتر لە 1,200 دانە لە شەڕەکەدا بەکارهێنراون.
 
بە شێوەیەکی گشتی، بەپێی توێژینەوەیەکی ئەم مانگەی پەیمانگای ئەمرێکیەن ئینتەرپرایز کە لەلایەن ئیلێن مەکەسکەر، بەرپرسی باڵای پێنتاگۆن لە خولی ئیدارەی ترەمپ ئامادە کراوە، تێچووی شەڕەکە تا ئێستا لەنێوان 25 ملیار بۆ 35 ملیار دۆلارە. کانسیان دەڵێ، تێچووی جەنگەکە بە نزیکەی 28 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ.
 
هەروەها، سوپا تووشی تێچووی چاوەڕواننەکراو دەبێت بەهۆی فڕۆکە زیانلێکەوتوو یان تێکشکاوەکانەوە. لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی کە فڕۆکەکەی لە ئێران کەوتبووە خوارەوە، سوپا ناچار بوو دوو فڕۆکەی بارهەڵگری MC-130 و لانیکەم سێ هێلیکۆپتەری MH-6ی ناویان تێکبشکێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی تایەی پێشەوەی فڕۆکەکان لە لمێکی فڕۆکەخانەیەکدا گیری کرد. کانسیان کۆی تێچووی فڕۆکە لەدەستچووەکانی بە نزیکەی 275 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت. دواجار سێ فڕۆکەی جێگرەوە ئەفسەرە ئاسمانییەکە و کۆماندۆکانیان بە سەلامەتی گواستەوە، بەڵام پێنتاگۆن نەیویست تەکنەلۆژیای هەستیاری فڕۆکەکان بکەوێتە دەستی ئێرانییەکان.
 
گوشار لەسەر فەرماندەییەکانی دیکەی ئەمریکا 
 
وەک نیویۆرک تایمز دەڵێ، هەموو فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا هەست بە گوشاری کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی دەکەن.
 
لە ئەورووپا، بەپێی زانیارییەکانی پێنتاگۆن کە لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، شەڕەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو سیستمانەی چەک کە بۆ بەرگریکردن لە باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ لە هەر هێرشێکی رووسیا پێویستن. لە هەمان کاتدا، شەڕی ئێران مەشق و راهێنانەکانی سنووردار کردووە. بەپێی بەرپرسانی سەربازی، ئەمە زیان بە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە لە ئەورووپا دەگەیەنێت، هەروەها رێگری لە هێرشە ئەگەرییەکانی رووسیا دەکات.
 
پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکنیان لە دەریای باشووری چینەوە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. لەو کاتەوە، دوو یەکەی دەریایی، کە هەر یەکەیان نزیکەی 2,200 سەربازی دەریایی لەخۆدەگرێ، لە زەریای هێمنەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نێردراون. هەروەها پێنتاگۆن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی لە ئاسیاوە گواستووەتەوە بۆ بەهێزکردنی پارێزگاری دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران.
 
چەکە گواستراوەکان مووشەکی پاتریۆت و مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی سیستمی تاد لە کۆریای باشوور لەخۆدەگرن — کە تاکە هاوپەیمانی ئاسیایە میوانداریی ئەم سیستمی بەرگرییە مووشەکییە پێشکەوتووە دەکات و لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی مووشەکیی زیادبووی کۆریای باکوور جێگیرکراوە. ئێستا، بۆ یەکەم جار، بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی، مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی سیستمەکە دەگوازرێنەوە.
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئامادەیی واشنتن لە زەریای هێمن پێشتر لاواز بووە، ئەوەش بەهۆی جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکان لەلایەن پێنتاگۆنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل-غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 و دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور بۆ پشتیوانیکردن لە فەڵەستینییەکان.
 
ئۆپەراسیۆنی بۆردوومانی مانگێکی حووسییەکان لە ساڵی رابردوودا زۆر گەورەتر بوو لەوەی ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتادا ئاشکرای کرد. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، پێنتاگۆن تەنیا لە سێ هەفتەی یەکەمدا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار تەقەمەنی بەکارهێنا. دواتر بەرپرسەکان زیادیان کرد کە تێچووی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر لە 1 ملیار دۆلاری تێپەڕاند کاتێک خەرجییەکانی ئۆپەراسیۆن و کارمەندان لەبەرچاو گیران.