لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوو کۆنگرێسمان پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکەن و ئەویش وەڵامیان ناداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد، دوو کۆنگرێسمان پەیوەندی پێوە دەکەن و ئەویش پشتگوێیان دەخات و وەڵامیان ناداتەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کەنەدام خۆشدەوێت بەڵام نامەوێت کەنەدا ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە دروستبکات. دەمانەوێت خۆمان ئۆتۆمبێلەکانی خۆمان دروست بکەین".
لەو کاتەدا مۆبایلەکەی ترەمپ زەنگی لێدا و ئەویش گوتی، "ئۆو، پەیوەندیی تەلەفۆنیە. ئاساییە (وەڵامبدەمەوە)؟ سڵاو". یەکسەر دایخستەوە و گوتی، "تەنیا ئەندامێکی کۆنگرێس بوو."
رۆژنامەڤانەکان لە ترەمپیان پرسی، "کێ بوو؟" ئەویش بە پێکەنینەوە گوتی، "دواتر پێتاندەڵێم".
دوای چەند چرکەیەکی کەم دووبارە مۆبایلەکەی ترەمپ زەنگی لێدایەوە و سەرۆکی ئەمریکا ئەم جارە وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە، مۆبایلەکەی بێدەنگ کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "کۆنگرێسمانێکی دیکەیە. هەموویان پیرۆزباییمان لێدەکەن. بە بەختن. با بەردەوام بین".
ئەو مۆبایلەی سەرۆکی ئەمریکا پێیبوو یەکێک بوو لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لەکاتێکدا هەمان رۆژ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کۆمپانیاکەدا کرد.
دوێنێ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە، "ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا، تیم کوکم (بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ) ئاگادار کردەوە کە دەمەوێت ئەو ئایفۆنانەی لە ئەمریکا دەفرۆشرێن، لە ئەمریکا دروستبکرێن و ببەسترێن، نەک هیندستان و هیچ شوێنێکی دیکە".
گوتیشی، "ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا پێویستە ئەپڵ لانیکەم 25٪ پێناسی گومرگی بداتە ئەمریکا".
ئەو نووسینەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو لە گەشتەیەکدا بۆ قەتەر داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کرد کارگەکانی بباتەوە ئەمریکا. رۆژی 15ی ئەم مانگە ئەو ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەیەکی بچوکم لەگەڵ تیم کوکدا هەیە".
سەرەتای ئەم مانگە، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەپڵ لەکاتی راگەیاندنی داهاتی کۆمپانیاکەی بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ گوتی، لە ماوەی داهاتوودا زۆرینەی ئەو ئایفۆن و بەرهەمانەیان کە لە ئەمریکا دەیفرۆشن، ئەوا لە هیندستان دروستیان دەکەن.
ئەپڵ زۆرینەی بەرهەمەکانی لە چین دروستدەکات و دەیانبەستێت، بەڵام دوای ئەوەی نیسانی ئەمساڵ، شەڕی بازرگانی ئەمریکا و چین دەستیپێکرد، بیریان لە گواستنەوەی کارگەکانیان بۆ هیندستان کردەوە.
بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەپڵ پێشبینی دەکات، تەنیا لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا ئەو پێناسە گومرگییەی ترەمپ 900 ملیار دۆلار لەسەر کۆمپانیاکەیان بکەوێت.