لە ژێر گوشاری چیندا رۆژنامەی ئەپڵ دەیلی لە هۆنگ کۆنگ راگیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 26 ساڵ لە بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی ئەپڵ دەیلی لە هۆنگ کۆنگ، ئەمڕۆ دوایین ژمارەی ئەو رۆژنامەیە چاپ و بڵاوکرایەوە.
 
رۆژنامەی ئەپڵ دەیلی لە هۆنگ کۆنگ بە لایەنگری دیمۆکراسی لەو وڵاتە ناسرابوو. داخستنەکەشی بەهۆی گوشارەکانی چینەوە بوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا دەست بەسەر هەموو سامانەکانی ئەو رۆژنامەیە و کۆمپانیای نێکست میدیا دەگیرێت، کە خاوەنی رۆژنامەکەیە.
 
بەهۆی دەرچوونی دوایین ژمارەی رۆژنامەکە لایەنگران و خوێنەرانی ئەو رۆژنامەیە چوونەتە بەردەم نووسینگەی رۆژنامەکە و بە ریزەوە وەستان بۆ ئەوەی دوایین ژمارەی رۆژنامەکە بکڕن.
 
هێندە ئەستەم نەبوو رۆژنامەنووسانی ئەپڵ دەیلی مانشێتی دوایین ژمارەی رۆژنامەکەیان بدۆزنەوە. هەواڵەکە خۆی لەبەردەرگەی نووسینگەی رۆژنامەکە وەستابوو. هاتنی لایەنگرانی رۆژنامەکە، بووە سەردێری سەرەکیی دوایین ژمارەیان.
 
حکومەتی چین لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە کۆنتڕۆڵی زیاتری بەسەر هۆنگ کۆنگەوە هەبێت، کە دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی هەبووە. لە ساڵی 2019دا خۆپێشاندانی سەرتاسەری بۆ چەندین مانگ دژی هەژموونی چین لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو.