گرووپی یاخیبووی ڤاگنەر کێن؟
رووداو دیجیتاڵ
ڤاگنەر کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەتی رووسییە، واتە سەر بە کەرتی تایبەتە و سەر بە سوپا نییە، بە کوردییەکەی، بە پارە شەڕ بۆ رووسیا دەکەن.
ڤاگنەر لە ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکەمین ئەرکی سەربازیی لە کریمیا بووە، کاتێک کە ئەندامانی گرووپەکە بە جلی سەربازییەوە یارمەتیی جوداخوازەکانیاندا نیمچە دوورگەکە لە ئۆکراینا جیابکەنەوە و بیخەنە سەر رووسیا.
گرووپەکە لە لایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە دامەزرێندراوە، کە بازرگان و هاوڕێیەکی نزیک لە ڤیلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا بوو پێش ئەوەی دوێنی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە لە سوپای رووسیا رابگەیێنێت. پریگۆژین زۆرجار بە "شێفەکەی پووتین" ناودەبرێت، چونکە ژمارەیەک رێستورانتی هەیە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ خواردنیان بۆ کرێملن ئامادەدەکرد.
لە ماوەی رابردووشدا، لەو شوێنانەی کە شەڕی هەرە سەختیان تێدا بوو، ڤاگنەر دژی ئۆکراینییەکان شەڕی بۆ رووسیا دەکرد؛ سۆلیدار و باخمووتیان کۆنترۆڵکرد.
بە گوێرەی خەمڵاندنی ئەمریکای هاوپەیمانی کیێڤ، لە سەرەتای ئەمساڵ، 50 هەزار چەکداری ڤاگنەر لە ئۆکراینا شەڕیان کردووە.
لەو 50 هەزارە، هەر بە گوێرەی واشنتن، 40 هەزاریان زیندانی و بەندکراوی پێشوون، لە بەرامبەر شەش مانگ شەڕکردن دژی ئۆکراینا، بەڵینی ئازادکردنیان پێدراوە. 10 هەزارەکەی دیکەش، سەربازی پێشووی خاوەن ئەزموون و خەڵکی ئاسایی رووسیا و بگرە بیانییەکانیشیان تێدایە؛ نە رووسیا نە ڤاگنەر ئەم وردەکارییانەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
مووچەی مانگانەی چەکدارانی ڤاگنەر، بە گوێرەی میدیای نزیک لە گرووپەکە، 3 هەزار و 100 دۆلارە.
ئەمریکا مەزەندە دەکات لە سەرەتای شەڕی ئۆکراینا 30 هەزار چەکداری ڤاگنەر کوژرابن یانیش برینداربووبن، چونکە شەڕەکەیان لە شەڕێکی خۆکوژی دەچێت، لە کاتێکدا هەوڵدەدەن سەختترین شوێنەکان لەدەستی ئۆکراینییەکان دەربهێنن.
بەهۆی ئەوەی لە بەرە چارەنووسسازەکان شەڕدەکەن، بە گوێرەی هەواڵگریی ئەمریکا، رکابەرایەتی و ناکۆکی لە نێوان ڤاگنەر و سوپای رووسیا دروستبووە، بەجۆرێک کە خەریک بوو دەبووە یەکە سەربازییە دڵخوازەکەی پووتین و هەر ئەرکێکی تایبەت هەبا، بەوانی دەدا.
یەڤگینی پریگۆژینیش لە پەیامە ڤیدیۆییەکانیدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا و جەنەراڵە سەربازییەکانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی رێگە بە گەیشتنی چەک بە ڤاگنەر نادەن و لە ئەنجامی ئەوەدا رۆژانە ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانیان لەدەستدەدەن. پێش ئەوەی یاخیبوونی گرووپەکی رابگەیێنێت، پریگۆژین رۆژی هەینی بە توندی هێرشی کردە سەر سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا و ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی راسپاردووە و لە پشتەوە بۆردوومانیان بکەن و لە ئەنجامدا دەیان چەکداری کوژراون، بەڵێنیشیدا هەردوو سەرکردە سەربازییەکە لە گۆڕەپانی سوور، لە مۆسکۆ، لەسێدارەبدات. بەرپرسانی رووسیا تۆمتەکانی رەتکردوونەتەوە.
رووسیا لە رابردوودا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە تۆمەتبارکراوە بە بەکارهێنانی ڤاگنەر وەکو ئامرازێک بۆ شەڕکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە ژمارەیەک وڵاتی وەکو سووریا، سوودان، مالی، مەدەگاسکار و لیبیا.