سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ: دۆخی شارەکە سەختە و دووشەممە پشووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ دەڵێت، دۆخی شارەکە "سەختە" و رۆژی دووشەممە لە پایتەختی رووسیا کرایە پشوو.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆشارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، دۆخی شارەکەی "سەختە." لە کاتێکدا چەکدارانی یاخیی گرووپی ڤاگنەر بەرەو شارەکە بەڕێکەوتوون.
سۆبیانین گوتی: "دۆخەکە سەختە. بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، بڕیارمدا رۆژی دووشەممە بکرێتە پشوو" و تەنیا شارەوانی کاردەکات.
سەرۆکشارەوانییەکە داوای لە دانیشتووانی پایتەختی رووسیا کرد، "هێندەی بکرێت، هاتووچۆ لەنێو شاردا کەمبکەنەوە،" و دەکرێت لە هەندێ ناوچەی شارەکە، "هاتووچۆ قەدەخە بکرێت.
لە مۆسکۆ "دۆخی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" راگەیێندراوە. میدیای رووسی باس لەوە دەکات، رێکارە ئەمنییەکان لە دەروازەکانی شارەکە تووندکراون و خاڵەکانی پشکنین زیادکراون.
پێشتر پارێزگاری هەرێمی لپێنتسکی رووسیا رایگەیاند، کاروانی هێزەکانی ڤاگنەر گەیشتوونەتە نێو هەرێمەکە کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە.
ڤاگنەر لە سوپای رووسیا هەڵگراوەتەوە و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەکات.
ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، پارێزگاری هەرێمی لپێنتسک لە پەیامێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "کاروانی چەکەکانی گرووپی ڤاگنەر بە نێو هەرێمی لپێتسکدا دەڕوات."
پارێزگارەکە داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمەکەی دەکات، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و هاتووچۆ نەکەن.
هاوکات لە هەرێمی کالوگا کە دەکەوێتە باشووری مۆسکۆ، بە هەمان شێوە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
ڤلادیسلاڤ شاپشا، پارێزگاری هەرێمەکە لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "تکایە خۆتان لەگەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەدووربگرن."