بایدن لەگەڵ ماکرۆن، شۆڵتز و سووناک دۆخی رووسیا تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا تاتوێی دۆخی رووسیایان کردووە. 
 
کۆشکی سپی رۆژی شەممە رایگەیاند: "سەرۆک بایدن ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کرد،" دەشڵێت، "سەرکردەکان دۆخی رووسیایان تاوتوێ کرد. هەروەها پشتیوانیی بەردەوامی خۆیان بۆ ئۆکراینا پشتڕاستکردەوە."
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەنتۆنی بلینکن لەسەر رەوشی رووسیا قسەی لەگەڵ بەشێكی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رۆژئاوا کردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "وەزیر بلینکن ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا رووسیا."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "وەزیر بلینکن دووپاتیکردەوە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا ناگۆڕێت. ئەمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا دەمێنێتەوە لە کاتێکدا کە دۆخەکە پەرەدەستێنێت."
 
هاوکات، میدیای تورکیا لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاند کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بلینکن کردووە و تاوتوێی دۆخی رووسیایان کردووە. 
 
میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە "هەموو باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی راسپاردووە کە سەبارەت بە رووداوەکانی رووسیا بێدەنگی بنوێنن و حکومەتی ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە لە دۆخەکەدا تێوەبگلێت."
 
لە نامەیەکدا کە شەوی هەینی لەسەر شەممە بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان نێردراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لێکردوون لە بارەی دۆخی رووسیا، هیچ شتێک بە وڵاتانی خانەخوێ نەڵێن، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەمریکا "بە چڕی چاودێریی دۆخەکە دەکات و ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە بچێتە نێو ئەم پرسەوە."