شاندێکی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەمریکا بەشدارن
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنان لە ویلایەتی مێریلاند دەستیپێکردووە و شاندێکی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لوتکەکەدا بەشدارن.
لووتکەی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنان لە ساڵی 2007ـەوە بە پاڵپشتیی حکومەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش لەژێر ناونیشانی (ئەمریکا هەڵبژێرە بۆ وەبەرهێنان) دەستی بە کارەکانی کردووە، دیار کوردە، بەرپرسی ئۆفیسی رووداو لە واشنتن دەڵێت، ئامانج لەو لووتکەیە بانگهێشتکردنی کۆمپانیا و بازرگانانی جیهانە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بە رێکارەکانی وەبەرهێنان لە ئەمریکا ئاشنابن و وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکەن.
لە ساڵی 2007ـەوە تاوەکو ئێستا ئەو لووتکەیە توانیویەتی بە بەهای زیاتر لە 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بهێننە ئەمریکا و 200 هەزار هەلی کار لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێت.
لووتکەکە لە رۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی، وزە، بەرگریی و وەزارەتەکانی دیکەی ئەمریکا تێیدا بەشدارن تاوەکوو لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانە بیانییەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکەن.
بە گوتەی دیار کوردە، ئەمساڵ شاندێکی بازرگانیی عێراقی کە پێکهاتوون لە کۆمپانیا و بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشداریی لووتکەکەیان کردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئەمریکییەکان بکەن بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریکا.
پێشتریش باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هانی وەبەرهێنەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دابوو بۆ ئەوەی ناویان لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەمریکا تۆمار بکەن و بەشداریی تێدا بکەن، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بە رووداوی راگەیاندبوو کە شاندێکی عێراقی لەو لووتکەیەدا بەشدارن.
پێشتریش یاریدەدەری وەزیری بازرگانی ئەمریکا لەبارەی ئەم لووتکەیە بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەوان ئامانجیانە ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لەڕووی وەبەرهێنان بەهێزتر بکەن.