ماکرۆن لە 'زیادبوونی' مەترسیی پیتاندنی یۆرانیۆم بە نهێنی لە لایەن ئێرانەوە نیگەرانە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، ئەگەری پیتاندنی یۆرانیۆم بە نهێنی لەلایەن ئێرانەوە زیادبووە، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بێگومان ئەم مەترسییە زیادی کردووە، دوای ئەو شتەی ئەم دواییە بینیمان."

سەرۆککۆماری فەرەنسا پێیوایە، ئەوە "یەکێکە لەو مەترسییە سەرەکییانەی رووبەڕووی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە."

ماکرۆن بە پێویستی دەزانێت، "بە هەموو شێوەیەک رێگری لە ئێران بکەین، بۆئەوەی بەم رێگەیەدا نەڕوات."

ئەمریکا رۆژی یەکشەممە بە 7 فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیجی لە جۆری B-2 و "زیاتر لە دوو دەرزەن" مووشەکی تۆماهۆک، هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران. سەرۆک و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا دەڵێن، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان "سڕیوەتەوە،" بەڵام ئێران و بەشێک لە شرۆڤەکارانی سەربەخۆ ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، زیان بەر بەرنامەکە کەوتووە، بەڵام لەنێو نەچووە.

ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانەوە تاوەکو رۆژی سێشەممە 24ی حوزەیران لەگەڵ ئێران لە جەنگدا بوو. ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پێیانوابوو بەرنامە ئەتۆمییەکە لە مەبەستی ئاشتییانە لایداوە و گومانیان دەکرد بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت، وێڕای ئەوەی تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتدەکردەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکیی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە 24ی حوزەیران جەختیکردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکە "سڕدراوەتەوە."

ئەو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئێران هەرگیز دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دروست ناکاتەوە."