لومۆندی فەرەنسی: میت دەستی لە کوشتنی سێ چالاکوانە کوردەکەی پاریسدا هەبووە

رووداو- ئاژانسەکان

بەپشت بەستن بە چەند زانیاریەک لە نووسینگەی داواکاریی گشتیی فەرەنساوە، رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی رایگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکی(میت) دەستی لە کوشتنی سێ ژنە چالاکوانە کوردەکەی پاریسدا هەبووە. 


بەپێی هەواڵێکی رۆژنامە فەرەنسیەکە، سەرچاوەیەک لە نوسینگەی داواکاری گشتی فەرەنسی رایگەیاندووە کە:" بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە دەزگای هەواڵگری میت لایەنی کەم لە قۆناخی ئامادەکاریی بۆ کوشتنی سێ ژنە چالاکوانەکەدا دەستی هەبووە".

بەڵام وەک وەک رۆژنامەکە لەزاری ئەو سەرچاوەیە نووسیویەتی:" بەڵگەی پێویست نیە لەسەر ئەوەی کە میت چ رۆڵێکی هەبووە لە بە ئەنجامگەیاندنی چالاکییەکەدا".

ئەم زانیاریانە دوای ئەوە دێت کە داواکاری گشتی فەرەنسا داوایەکی 70 لاپەرەیی دژ بە عومەر گیونەی، تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە پێشکەشکرد کە بەپێی داوانامەکە گونەی پەیوەندی جۆربەجۆر ونهێنی لەگەڵ چەندین کەس لە تورکیادا هەبووە و پێش رووداوەکە زیاد لە214 جار لە فەرەنساوە پەیوەندیی بە کەسێکەوە کردووە لەناو تورکیا.

لە داوانامەکەدا ، دەزگای میت وەک گومانلێکراوێکی دۆسیەکە ناوی براوە.

لە 9 ی کانوونی دووەمی 2013 دا هەر یەکە لە ساکینە جانسز، فیدان دۆهان و لەیلا سۆیلەمەز ، سێ ژنی چالاکوانی کورد لە پاریس کوژران و دواتر پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی بە ناوی عومەر گیونەی دەستگیرکرد بە تۆمەتی کوشتنیان.