بەهۆی سووتانی دارستانەکانی جەزائیر 15 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی شەپۆلی گەرماوە لە باکووری جەزائیر لە چەند ناوچەیەک ئاگر کەوتەوە، بەو هۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی ناوخۆی جەزائیر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئاگر لە زیاتر 16 ناوچەی وڵاتەکە کەوتووەتەوە، بەڵام ئاگرەکە زیاتر کاریگەری لەسەر ناوچەکانی بێجایا و بویرا بووە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی جەزائیر، زیاتر لە هەزار و 500 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و زیاتر لە 7500 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
 
شەپۆلێکی گەرما بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقای گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما گەیشتووەتە 48 پلەی سیلیزی.
 
بەرپرسانی دەزگای کەشوهەوای جەزائیر داوایان لە دانیشتووان کردووە، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە. 
 
شەپۆلی گەرما بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە و ریکۆردی بەرزترین پلەکانی لەو 150 ساڵەدا شکاندووە کە مرۆڤ پلەی گەرمیی تۆمارکردووە. گەرماکە ئەوەندە بەتینە، بووەتە هۆی سەتان رووداوی ئاگرکەوتنەوە و بەهۆیەوە لە چەندین شار و ناوچەی جیهان زەنگی مەترسی لێدراوە.
 
تۆمارکردنی ئەو پلە بەرزانەی گەرما، وەک بەشێک لەو کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی لێکدەدرێنەوە، کە زاناکان دەیان ساڵە هۆشداریی لەبارەوە دەدەن.  
 
ئەو گەرمایەی ئێستا جیهانی گرتووەتەوە، دەرئەنجامی زۆربوونی رێژەی گازە گەرمکەرەکانی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایتراید ئۆکسایدە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پلەی گەرمیی زەوی 1.2 پلەی سیلیزی لەچاو پلەی گەرمیی پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزبووەتەوە و، دەبێت "رێگە نەدرێت ئەو بەرزبوونەوەیە لە 1.5 پلە زیاتر تێپەڕێت."
 
پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی ناسا دەڵێن، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی لەسەر سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوور هەبووە، هۆشداریشیان داوە کە ئاگری دارستانەکان زۆرتر دەبن و رووبەری وشکەساڵیش فراوانتر دەبێت، بەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و سەوزایی دەگات.