هاڵک هۆگن لە تەمەنی 71 ساڵیدا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هاڵک هۆگن، پاڵەوانی زۆرانبازی سەربەستی ئەمریکی کۆچی دوایی کرد و پزیشکەکانی دەڵێن، هۆکارەکە وەستانی دڵ بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، هاڵک هۆگنی تەمەن 71 ساڵ لە ماڵەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا بە مردوویی دۆزرایەوە. هۆگن پاڵەوانی زۆرانبازی ئازادی ئەمریکییە و خانەنشین کراوە.
تێری جین بۆلا ناسراو بە هاڵک هۆگن ساڵی 1953 لە ویلایەتی جۆرجیا لەدایکبووە. ساڵی 1976 میوزیک ژەن بووە، ساڵی 1977 بۆ 2012 پاڵەوانی زۆرانبازیی ئازاد و ئەکتەر بووە.
بە گوتەی ئەو تیمە پزیشکییەی چاودێرییان دەکرد، وەستانی دڵ هۆکاری مردنی بووە.
مردنی هۆگن چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە هاوژینەکەی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە تەندروستی مێردەکەی خراپ بێت و لەژێر چاودێری چڕدابێت، ئەمە دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێشتر نەشتەرگەرییەکی قوڕگی بۆ کرابوو.
مانگی رابردوو، کەسێکی نزیکی یاریزانەکە بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، هاڵک کێشەیەکی لە پشتیدا هەیە, بەڵام زۆر مەترسیدار نییە.
پار هۆگن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، 25 نەشتەرگەری بۆ کراوە کە 10یان بۆ پشتی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، نەشتەرگەری بۆ هەردوو ئەژنۆ، حەوز و هەردوو شانەکانی کردووە.
هۆگن هاوسەرگیری کردووە و باوکی دوو منداڵ بوو؛ لە ژیانیدا 12 نازناوی جیهانی لە یاری زۆرانبازی سەربەستدا بردەوە.