ترەمپ: دەمەوێت مەسک و هەموو کۆمپانیاکانی لە ئەمریکا بمێننەوە و گەشە بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای مانگی رابردوو پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا تێکچوون، وردە وردە هەڕەشە کەوتە سەر مانەوەی بەرپرسی پێشووی فەرمانگەکە و کۆمپانیاکانی لە ئەمریکا، بەڵام نزیکەی هەفتەیەکە ئەو پەیوەندییانە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن و نزیکبوونەوە لە نێوانیاندا هەیە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال نووسینێکی لەبارەی ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی ئەمریکا و خاوەنی هەریەک لە کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و چەندانی دیکە بڵاوکردەوە. 
 
ترەمپ دەڵێت، "هەمووان دەڵێن، ئەگەر هەموو کۆمپانیاکانی مەسک دەرنەکەم، بەشێکیان دەربکەم لەو هاوکارییانەی کە لە حکومەتی ئەمریکا وەریدەگرن." گوتیشی، "ئەمە راست نییە! دەمەوێت مەسک و هەموو کۆمپانیاکانی لە وڵاتەکەماندا بمێننەوە و گەشە بکەن."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو کۆمپانیاکانی مەسک باشتر بن، ئەمریکا باشتر دەبێت و ئەمەش بۆ هەمووان باشە. رۆژانە ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکەین و دەمەوێت بەو جۆرە بەردەوام بێت". 
 
سەرەتای مانگی رابردوو، ترەمپ و مەسک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە هێرشکردنە سەر یەکدی و مەسک رەخنەی تووندی لە پرۆژەیاسای باج و خەرجییەکانی ئیدارەی ترەمپ گرت کە لە لایەن ترەمپەوە نازناوی "پرۆژەیاسا گەورە جوانەکە"ی لێندرا.
 
مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەوانەی بانگەشەیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دەکرد، ئێستا دەنگیان بەم پرۆژەیاسایە داوە و دەبێت دوای ئەوە سەری خۆیان لە شەرمەزاریدا شۆڕ بکەن. ساڵی داهاتووش لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا دەدۆڕێن،" مەبەستی مەسک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکایە کە زۆرینەیان لە پارتی کۆمارین کە پارتەکەی سەرۆکی ئەمریکایە. 
 
پێش ئەو هێرشەی مەسک، ترەمپ هێرشی کردە سەر کارەکانی ئەو سەرمایەدارە، بەتایبەتی بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی حکومەتی ئەمریکا بە کۆمپانیاکانی مەسکی داوە.
 
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس نووسی، "رەنگە ئیلۆن بە جیاوازییەکی زۆر و زیاتر لە هەر مرۆڤێکی دیکەی مێژوو، هاوکاریی دارایی وەربگرێت و بەبێ هاوکارییە داراییەکانیش، رەنگە ئیلۆن ناچار بێت کارەکانی دابخات و بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی لە ئەفریقای باشوور."
 
مەسک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشتگیریی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد، 270 ملیۆنی دۆلاریشی بەخشییە هەڵمەتەکەی. لەبەرامبەردا ترەمپ بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی، کردیە راوێژکاری خۆی و سەرپەرشتیاری فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەی فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئایار، مەسک دەستی بە رەخنەگرتن لە پرۆژە یاسای خەرجییەکانی ترەمپ گرت و دواتر ناکۆکییەکان تەقینەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی مەسک لە تۆڕی ئێکس داوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە ئەمریکا بەناوی "پارتی ئەمریکا" بکات. سەرەتای ئەم مانگەش دامەزراندنی پارتەکەی راگەیاند. 
 
دواتر، ترەمپ وەڵامی دایەوە و پێشنیازی کرد فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، لێکۆڵینەوە لە کارە بازرگانییەکانی مەسک بکات و گوتی: "ئیدی هەڵدانی مووشەک، مانگی دەستکرد، یان بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نامێنێت و وڵاتەکەمان سامانێکی زۆر پاشەکەوت دەکات و رەنگە پێویست بکات وا لە دۆج بکەین بە وردی و جیدی تەماشای ئەمانە بکات."