زانایان بە دانانی چیپێک لەنێو مێشک بیرکردنەوە دەگۆڕن بۆ قسە و نووسین
رووداو دیجیتاڵ
زانایان لە بواری تەکنەلۆجیای بەستنەوەی مێشكی مرۆڤ بە کۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەکەکانەوە لە پێشکەوتن بەردەوامن. زاناکان چیپێکی نوێیان دروستکردووەکە هزر و بیری مرۆڤ بۆ دەنگ و نووسین دەگۆڕێ.
چیپەکە لە لایەن ژمارەیەک دامەزراوەی ناوچە جیاجیاکانی ئەمریکاوە دروست کراوە، لەسەر چوار خۆبەخش تاقیکراوەتەوە کە بەدەست ئیفلیجیی سەختەوە دەناڵێنن.
رێژەی سەرکەوتنی چیپەکە لە گۆڕینی هزرەکانیان بۆ دەنگ 74٪ بووە.
ئامانج لەو جۆرە چیپە یارمەتیدانی ئەوانەیە کە توانای قسەکردنیان لەدەستداوە، بۆ ئەوەی دووبارە بتوانن بە دەنگ یان نووسین هزرەکانیان بگەیێنن.
بەڵام زانایانی ئەمریکی دەڵێن، پێویستە کاری زیاتر لەسەر چیپەکە بکرێت بۆ ئەوەی وردتر و توانابەرزتر بێت.
هەندێ سیستمی کۆن پشتیان بە چالاکیی مێشک دەبەست بۆ بەرهەمهێنانی قسە بە دەنگ یان نووسین. بۆ نموونە، کاتێک کەسێکی ئیفلیج هەوڵی دەدا دەم و زاری بەکاربێنێت بۆ ئەوەی قسە بکات، سیستمەکە ئاماژەی مێشکی وەردەگرت و دەیگۆڕی بۆ دەنگ یان نووسین.
جیاوازی ئەم چیپە نوێیە ئەوەیە کە هەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لە سەرچاوەی قسەکردنی مرۆڤ لە نێو مێشکدا.
وەک بنیامین مێکێد کاراسا، زانای بواری مێشک و دەمار لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی دەڵێت، چیپە نوێیەکە تەنیا بە بیرکردنەوە لە قسەیەک، قسەکە دەدۆزێتەوە و دەیکاتە دەنگ یان نووسین، پێش ئەوەی کەسەکە بە زار هەوڵی دەربڕینی بدات.
چیپەکە بۆ جیاکردنەوەی قسەکان لە یەکدی، پشت بە پێوانەکردن و بەراوردکردنی ئاماژەکانی مێشک دەبەستێ، کە لە کاتی بەرهەمهێنانی هەر دەنگ و بڕگەیەکدا بە جۆر و شێوەیەکن.
سیستمی تایبەتی کۆمپیوتەری کە راهێنانی دوورودرێژی لەسەر کراوە، بەکارهێندراوە بۆ ئەوەی بزانرێت هەر ئاماژەیەکی مێشک، بەرهەمەکەی کامە وشەیە.
ئاماژەکان بە دیاریکراوی لەو بەشەی مێشک وەرگیراون کە بەرپرسە لە جووڵاندنی ئەندامانی لەش، لە نێویاندا زار بۆ قسەکردن.