بۆچی سزا ئابوورییەکان جەنگی رووسیایان رانەگرتووە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا چ جۆرە هێزێکی هەیە بۆ سزادانی وڵاتانی دیکە لەسەر کارە خراپەکانیان؟ وەڵامەکە، لە سەردەمی چەکی ئەتۆمیدا، هەمیشە هێزی ئابووری بووە. سەپاندنی سزا و بڕینی دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، بەپێی هاوکێشەکە، ئازارێکی ئابووریی تووند دروست دەکات و وڵاتێکی یاخی ناچار دەکات رەفتاری خۆی چاک بکاتەوە.
کەچی رووسیا، کە بەپێی هەندێک پێوەر سزادراوترین وڵاتی سەر زەوییە، هیچ پەلەیەکی نییە بۆ کردنی ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێت، ئەویش کۆتاییهێنانە بە جەنگەکەی ئۆکراینا.
لە دوای هێرشی سەرتاسەریی رووسیا لە ساڵی 2022ـەوە، ئەمریکا زیاتر لە 6,000 کەسایەتی و کۆمپانیای خستووەتە سەر لیستی سزاکان. بۆ ئەوەی ئەم سزایانە سوودیان هەبێت، پێویستە ئەو دامەزراوە داراییانەی پارە لە سنوورەکان دەگوازنەوە، مامەڵەکان بپشکنن و چالاکییە نایاساییەکان ببڕن.
سەرەڕای ئەوەش، رووسیا توانیویەتی بە بەهای سەتان ملیار دۆلار بازرگانیی نێودەوڵەتی بکات. یەکێک لە هۆکارەکان رەنگە ئەوە بێت کە ئەو دامەزراوە داراییانەی پێویستن بۆ ئاسانکاریکردنی ئەو بازرگانییە، نادۆزرێنەوە و سزا نادرێن.
ترس لە سزادانی بانکە گەورەکان
لەگەڵ پێشکەوتنی جەنگی ئۆکراینادا، بڕینی رێڕەوی دارایی لەسەر جەنگیی رووسیا ئاڵۆزتر بووە. رووسیا، کە لە زۆربەی جیهانی رۆژئاوا دابڕاوە، پەیوەندیی قووڵتری لەگەڵ هیندستان و چیندا دروست کردووە، کە لە ئابوورییە گەورەکانن و پشتگیرییەکی ئابووریی باش دابین دەکەن.
ئیدوارد فیشمان، لێکۆڵینڤانێکی باڵایە لە زانکۆی کۆلۆمبیا و بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە دەڵێت: "زۆر کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهاندا هەڕەشەی سزاکانیان پێشێل کردووە، بەڵام، ئایا بەڕاستی دەتەوێت پەیوەندییەکانت لەگەڵ ئیمارات یان چیندا تێکبدەیت؟"
ئەگەر سزا بخرێتە سەر بانکە گەورەکانی چین، بازرگانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە. زۆرێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ناتوانن پارەی کارگە چینییەکان بدەن بۆ کاڵاکان یان پارەی هەناردەکانی خۆیان وەربگرن. ئەم هاوکێشەیە وایکردووە بانکە چینییەکان "سزا نەدرێن."
دەرچوون و خۆدزینەوە
لە شوباتی 2022 سزا لەسەر بانکی VTBـی رووسیا سەپێنرا و لە سیستمی پارەدانی نێوان بانکەکان بە ناوی SWIFT دەرکرا.
سەرەڕای ئەوەش، بانکەکە، کە لە ساڵانی رابردوودا پێگەی خۆی لە چیندا فراوان کردووە، وا دیارە لانیکەم یەک رێگەی دەرچوونی دۆزیوەتەوە: رێکلامی کردووە کە خاوەن هەژمارەکان دەتوانن رۆژانە تاوەکو یەک ملیۆن رووبڵ، یان نزیکەی 10,000 دۆلار لەسەر سەکۆی Alipay بۆ هەژمارەکانیان بگوازنەوە، کە پلاتفۆرمێکی گەورەی پارەدانی چینییە.
بازرگانی وەک هەمیشە
مانگی نیسان بازرگانی لە مۆسکۆ گەرم بوو. وێنەکانی پێشانگەی ئێکسپۆ ئێلێکترۆنیکا، کە پێشانگەیەکی گەورەی ئەلیکترۆنییە و زیاتر لە 600 کۆمپانیا بەشدارییان تێدا کردبوو، وێنەی نیمچەگەیەنەری [چیپ] پێشکەوتوویان پیشاندەدا.
لە نێویاندا کۆمپانیای Allchipsـی هۆنگ کۆنگی هەبوو، کە کۆمپانیایەکی بازرگانی نیمچەگەیەنەرە و 8 مانگ پێشتر خرابووە سەر لیستی سزاکانی ئەمریکا. کۆمپانیای (ئۆڵ چیپس) ئەو پێکهاتانە دەفرۆشێت کە لە مووشەکە کرووزەکاندا بەکاردەهێنرێن کە رووسیا بۆ شارەکانی ئۆکراینای دەهاوێژێت.
لە مانگەکانی رابردوودا، بەهۆی ئاسانکاریکردنی مامەڵەکان لەگەڵ رووسیا، یەکێتیی ئەورووپا سزای خستووەتە سەر دوو بانکی ناوخۆیی چین؛ بەڵام ئەورووپا بۆ جێبەجێکردنی سزاکان لەسەر ئاستی جیهان، ئەو کاریگەرییە داراییەی نییە.