لە ئەمریکا تەقە لە ناوەندێکی کۆچبەران کرا و کەسێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دامەزراوەیەکی ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ (ICE) لە شاری دالاسی ویلایەتی تێکساس، تەقەکرا و کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 24-09-2025، بەرپرسان رایانگەیاند، ئەو پیاوەی دەستی بە تەقەکردن کردووە، لە سەربانی باڵەخانەیەکی تەنیشت ئەو دامەزراوەیە بووە و لوولەی دەمانچەکەی روو لە حەوشەی دامەزراوەکە بووە. "لەکاتی تەقەکردن گوللـە بەرخۆی کەوت و دواتر گیانی لەدەستدا."
 
جۆ رۆسرۆک، بریکاری تایبەتی دەزگەی FBI رایگەیاند: "ئەوەی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، پەیامی هێرشەکە پەیامێکی دژە (ICE)ـیە."
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئاژانسی ئایس ئەوەیە، هەر پەناخوازێک بە نایاسایی چووبێتە نێو خاکی ئەمریکا، دەیگرن و دیپۆرتی دەکەنەوە.
 
لەبارەی ئەو سێ کەسەی گوللەیان بەرکەوتووە، رۆسرۆک نەیگوت ئەو کەسانە دەستبەسەربوون، بەڵام گوتی: "هیچ هێزێکی ئەمنی و ئەندامێکی ئاژانسەکە زیانیان بەرنەکەوتووە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە، لە رێگەی ئەو ئاژانسەوە ملیۆنان پەنابەر و پەناخوازی نایاسایی دەربکات.
 
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە ئێکس وێنەی چەند فیشەکێکی بڵاوکردەوە کە لەسەریان نووسرابوو (ANTI-ICE) و گوتی: "ئەمە هێرشێکە کە بە سیاسەت هاندراوە و کراوەتە سەر جێبەجێکردنی یاسا."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەو دامەزراوەیەی هێرشەکەی کراوەتەسەر، ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کاتییە، لەوێ دەستبەسەرکراوان بە چەند رێکارێک تێدەپەڕێنرێن و دەنێردرێنە ناوەندی دەستبەسەرکردنی درێژمەوداتر.
 
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە ئێکس نووسی: "پێویستە تووندوتیژیی سەر ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای ICE بوەستێت."
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نووسی: "پێویستە هۆگربوون بە هێرشکردنە سەر ئایس بوەستێت."
 
لە مانگی تەممووز لە شاری کالیفۆرنیای ولایەتی فلۆریدا خەڵک رژانە سەر شەقام و دژی دەستگیرکردنەکانی ئاژانسەکە وەستانەوە.
 
ترەمپ فەرمانی کرد، 200 سەربازی هێزی مارێنز رەوانەی شارەکە بکرێت.
 
هەمان مانگ، لە تێکساس هێرشکرایە سەر دامەزراوەیەکی دیکەی ئایس و پۆلیسێک بریندارکرا.