وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: سەرکردەکانی جیهان تکا لە ترەمپ دەکەن قەیرانەکان چارەسەر بکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە شێوازی مامەڵەکردنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەکات و دەڵێت، "سەرکردەکانی جیهان تکا لە ترەمپ دەکەن رۆڵی سەرەکی لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا بگێڕێ."
 
مارکۆ روبیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا باسی لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ وەستاندنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی، ترەمپ تاکە کەسە بتوانێ کاریگەرییەکی راستەقینەی هەبێ و گوتی: "ئەگەر یەک سەرکردە لە جیهاندا هەبێ کە بچووکترین دەرفەتی هەبێ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، ئەو کەسە دۆناڵد ترەمپە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ راکێشانی سەرنجی ترەمپ و داوای بەشداریکردنی دەکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی، وڵاتانی بە گشتی تکا دەکەن کە ئەمریکا لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێ.
 
روبیۆ گوتی، کاتێک سەرکردەکان دەیانەوێ کارێک ئەنجام بدرێ، هەوڵ دەدەن بچنە کۆشکی سپی و رایگەیاند: "هەموویان دەیانەوێ قسە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکەن و چاوەڕوانن ئەو (ترەمپ) کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات."
 
روبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ زیاتر لە هەر سەرکردەیەکی دیکە "کات و وزەی خۆی بۆ دەستپێشخەری و پێشنیازەکانی ئاشتی تەرخانکردووە" و ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەیوەست بە ناکۆکییە قووڵەکان و جەنگەکانی رواندا، کەمبۆدیا، تایلەند و جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان کرد.
 
روبیۆ رایگەیاند، هیچ هێز و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش، نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ئەنجامانەی ترەمپ بەدەستیهێناوە.