وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا: هەر ئۆپەراسیۆنێکی سی ئای ئەی دژی وڵاتەکەمان شکست دەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سی ئای ئەی دژی وڵاتەکەی "شکست دەهێنێت"، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێگەی بە کردنی ئۆپەراسیۆنی نهێنی دژی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور دا.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-10-2025 ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا رایگەیاند: "دەزانین سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا ئامادەیی هەیە. رەنگە چەندین یەکەی سەر بە سی ئای ئەی لە ئۆپەراسیۆنی نهێنیدا بڵاوبکەنەوە و هەر هەوڵێک شکست دەهێنێت."
 
ترەمپ هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، رێگەی بە ئۆپەراسیۆنی نهێنیی سی ئای ئەی دژی ڤەنزوێلا داوە و بیری لە هێرشکردنە سەر کارتێلەکانی مادە هۆشبەرەکان لەسەر وشکانی کردووەتەوە.
 
پادرینۆ لە کاتی سەرپەرشتیکردنی مانۆڕێکی سەربازیدا بوو لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، وەک وەڵامێک بۆ بڵاوەپێکردنی کەشتیگەلێکی سەربازیی ئەمریکا لە دەریای کاریبی.
 
واشنتن دەڵێت، ئەو هێزانە بۆ ئۆپەراسیۆنی دژە مادە هۆشبەرەکان لەوێن، بەڵام کاراکاس پێیوایە ئەوانە بەشێکن لە هەوڵێک بۆ لابردنی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ.
 
لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا بۆ سەر بەلەمەکان لە دەریای کاریبی، نزیکەی 40 کەس کوژراون، کە حکومەتەکانیان و کەسوکاریان دەڵێن زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، لەنێویاندا چەند ماسیگرێک.
 
ترەمپ مادورۆ بە سەرۆکایەتیکردنی کارتێلێکی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات، تۆمەتێک کە سەرۆکی ڤەنزوێلا رەتیدەکاتەوە.