بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی رووسیا و ئۆکرایناوە دوو کەس کوژران و پێنجیش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی مۆسکۆ رایانگەیاند، ئۆکراینا بە درۆن هێرشی کردە سەر دەوروبەری شارەکەیان، یەکێک لە درۆنەکان بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوت و پێنج کەس بریندار بوون. لە هەرێمی خێرسۆنی ئۆکرایناش دوو کەس بەهۆی هێرشی درۆنیی رووسیاوە کوژران.
 
رۆژی هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، حاکمی مۆسکۆ رایگەیاند، درۆنێکی ئۆکراینا بەر نهۆمی 14ی یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کراسنۆگۆرسک لە رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتووە، بەهۆیەوە 5 کەس بریندار بوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، شەوی رابردوو 111 درۆنی ئۆکراینایان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە، کە زۆرینەیان لە باشووری هەرێمی رۆستۆڤ بوون. 
 
یوری سلیسوار، حاکمی هەرێمەکە رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی بڕینی کارەبای هەزار و 500 ماڵ. 
 
شەوی رابردوو، رووسیاش ژمارەیەک هێرشیکردە سەر ئۆکراینا. بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی هەرێمی خێرسۆنی ئۆکراینا، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 17ی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی هێزی ئاسمانیی ئۆکرایناش، تەنیا شەوی رابردوو رووسیا بە 128 درۆن هێرشیکردە سەر وڵاتەکەیان. 
 
هێرشی هەردوولا بۆ سەر یەکدی لە کاتێکدایە دوێنێ یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی 19ەمینی سزاکانی بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.