لە ئەڵمانیا گەنجێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی "بێباوەڕان" دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی شاری میونشن رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵیان دەستگیر کردووە، بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگری رێکخراوی داعش بووە و هەوڵی داوە لەسەر رێگەیەکی خێرا پشێوی دروستبکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی تورکیایە و ناوی ئاشکرا نەکراوە، "مەبەستی بووە لە رێگەی زنجیرەیەک هێرشەوە بێباوەڕان بکوژێت."
بەرپرسان پێیانوایە ئەو گەنجە لە رۆژانی 9 بۆ 11ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە نزیک شارۆچکەی دیلینگن ئان دێر دۆناو لە هەرێمی باڤاریا، بە هەڕەمەکی تەقەی لە 22 ئۆتۆمبێل کردووە.
داواکارانی گشتی، دەڵێن، تۆمەتبارەکە هیوای خواستووە کە رووداوی هاتووچۆی کوشندە دروست بکات و ئێستا رووبەڕووی 22 تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن بووەتەوە.
سەرەتا تۆمەتەکانی بریتی بوون لە دەستوەردانی مەترسیدار لە هاتووچۆی شەقامەکان و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندنی جەستەیی، بەڵام دواتر گۆڕان.
لە ئەنجامی تەقەکردنەکاندا هیچ کەسێک بریندار نەبووە و هیچ ئۆتۆمبێلێکیش تووشی رووداو نەبووە، بەڵام داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەدا کە زیان بەر هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان گەیشتووە.
پۆلیس، رۆژی 13ی ئەیلوول، تۆمەتبارەکەی لە نزیک شوێنی رووداوەکە دەستگیرکرد، لەکاتێکدا چەکێکی پێبووە. داواکاری گشتی رایگەیاندووە، گومانلێکراوەکە لە کاتی دەستگیرکردنییەوە لە زیندانە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.