نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە ئەورووپا بوو بە 15 ساڵ جارێک

 
رووداو دیجیتاڵ

لەمەودوا لە زۆر وڵاتی ئەورووپا مۆڵەتی شۆفێری لەجیاتی 10 ساڵ، دوای 15 ساڵ نوێدەکرێتەوە، ئەوانەی مۆڵەت وەردەگرن بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر تاقیکردنەوەدا دەبن و سەرپێچیی گەورە بکەن لێیان دەسەندرێتەوە.
 
هەروەها بەپێی بڕیاری نوێ، چیدیکە پێویست نییە مۆڵەتی شۆفێری وەکو ناسنامە لە گیرفانی شۆفێر بێت و دەکرێت لەسەر مۆبایلەکەی بە شێوەی دیجیتاڵی بێت، ئەمە ئەو چوارچێوە یاساییانەن کە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ئەم هەفتەیە دەنگ و بڕیاری لەسەر داوە.
 
بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا، ساڵانە لە سەرتاسەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن، بۆیە بە پێویست زانراوە ئەو بڕیارە نوێیانە سەبارەت بە مۆڵەتی شۆفێری بدرێن، گۆڕانکارییەکی دیکەش ئەوە دەبێت کە کاتێک کەسێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت تاقیدەکرێتەوە، دەبێت پیشانی بدات لە مەترسیی بەبێ موبالاتی کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبێل یان بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا تێدەگات.
 
لەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەورووپا کە مۆڵەتی شۆفێری لەجیاتی ناسنامەش بەکاردێت، دەکرێت حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیار بدات هەر وەکو جاران مۆڵەتەکە دوای 10 ساڵ پێویستی بە نوێکردنەوە بێت.
 
ئەوانەی نەبوونەتە 18 ساڵ و حەزیان لە مۆڵەتی شۆفێرییە، مژدەیەکی خۆش بۆ ئەوان لە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا دا هەیە، لەمەودوا دەکرێت لە 17 ساڵییەوە مۆڵەت وەربگیرێت و تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی کەسێکی دیکە، کە پێشتر مۆڵەتی شۆفێریی هێناوە لەکاتی شۆفێریدا لەگەڵی سواربێت.
 
ئەوانەش کە لە وڵاتێکی دیکەی بەدەر لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن، مۆڵەتی شۆفێرییان لێ وەرگیراوەتەوە، بۆ نموونە بەهۆی خێرا لێخوڕین یان خواردنەوەی کحولییەوە، لەمەودوا سیستمێکی ئەورووپی دەبێت و چیدیکە ناتوانن کاتێک گەڕانەوە وڵاتەکەی لێی دادەنیشن داوای مۆڵەتی شۆفێریی نوێ بکەن، جێبەجێکردن یان نەکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا و کاتەکەی بەپێی وڵات و یاساکانی ئەو وڵاتانە دەگۆڕێت.