داواکاری گشتیی پاریس: بەڵگەی دی ئێن ئەی دزەکانی لۆڤەرمان دەستکەوتووە


رووداو دیجیتاڵ 

داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، لێکۆڵینڤانەکان لانیکەم 150 پارچەی دی ئێن ئەی و شوێن پەنجەیان دەستکەوتووە کە لەسەر کەلوپەلی ئەو کەسانە بوون دزیەکەیان لە لۆڤەر کرد. هاوکات، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەش داوای دەستبەجێ کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس دەکات.
 
لاوری بیکاواو، داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، لێکۆڵینڤانان "زیاتر لە 150 بەڵگەی دی ئێن ئەی"یان لە شوێنی دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەردا دۆزییەوە. دەشڵێت، بەڵگەکان لەسەر کڵاو، کۆسەرە، دەستەوانە، چاکەت و ئامێری دیکە بوون، کە لەلایەن چوار دزەکەوە جێهێڵدرابوون.
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، چەند دزێک هەشت گەوهەری مێژووییان بە بەهای 88 ملیۆن یۆرۆ لە گەلەری ئەپۆلۆی مۆزەخانەی لۆڤەر دزی. 
 
 
داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان کاتیان دەوێت و بەڵگەکانمان بردوونەتە تاقیگەکان. پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکانمان پێبدرێن". 
 
دزییەکەی لۆڤەر پرسیاری جیدی لەسەر لاوازیی ئاسایشی مۆزەخانەکان دروستکردووە. لۆرانس دی کار، بەڕێوەبەری لۆڤەر لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە بەردەم سیناتۆرەکانی فەرەنسادا دانی بەوەدانا، کە سیستمی کامێرای چاودێری لە دەوروبەری لۆڤەر "لاواز و بەسەرچوو" بووە.
 
ئەو ئاشکرایکرد، تاکە کامێرا کە چاودێریی ئەو دیوارەی دەکرد کە دزەکانی لێوە چوونەتە ژوورەوە، رووی لە شوێنێکی دیکە بووە. دی کار گوتی: "ئێمە شکستمان هێنا لە پاراستنی ئەم گەوهەرانە. هیچ کەسێک لە تاوانبارانی دڕندە پارێزراو نییە، تەنانەت لۆڤەریش."
 
راپۆرتێک دەریخستووە کە یەک لەسەر سێی ژوورەکانی لۆڤەر کامێرای چاودێرییان نییە و سیستمی ئاگادارکردنەوەی گشتیی مۆزەخانەکەش کاری نەکردووە.