لیتوانیا دەڵێت، رووسیا ئاسمانەکەی بەزاندووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی لیتوانیا هێزی ئاسمانی رووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی بۆ 18 چرکە ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە و بەو هۆیەوە هەڵسوڕێنەری کاروباری سیاسی باڵیۆزخانەی رووسیایان لە وڵاتەکەیان بانگهێشت کرد. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش تۆمەتەکەی لیتوانیای رەتکردەوە. 
 
سوپای لیتوانیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئێس یو-30ی جەنگی لە کالینینگرادەوە بە قوڵی 700 مەتر ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاند. ئاماژەی بەوەش کرد، بەزاندنەکە بۆ 18 چرکە بووە و پێدەچێت هۆکارەکەی راهێنانی سەربازی بووبێت.
 
کالینینگراد ناوچەیەکی رووسیایە، بەڵام کەوتووەتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیاوە. ناوچەکە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لە سنووری بێلاڕووسەوە دوورە کە هاوپەیمانی رووسیایە. ئەم ناوچەیە بە مەترسیدار دادەندرێت چونکە بە کۆنترۆڵکرنی ئەو 100 کیلۆمەترە لەلایەن مۆسکۆوە، رووسیا دەتوانێت لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا لە رێگەی وشکانییەوە لە هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆیانەوە داببڕێت. 
 
دوای رووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا هەڵسوڕێنەری کاروباری سیاسی باڵیۆزخانەی رووسیای بانگهێشت کرد و "ناڕەزایەتی تووندی" خۆیانی پێڕاگەیاند. 
 
وەزارەتەکە داوای لە بەرپرسە رووسییەکە کرد "دەستبەجێ" هۆکارەکانی ئەو پێشێلکارییەیان بۆ روون بکاتەوە و "هەموو رێکارێکی پێویستیش بگرنەبەر بۆ ئەوەی رووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە". 
 
دوای راگەیێندراوەکە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "ئەو فڕینانەی کراون لەژێر پابەندبوونێکی بەهێزی یاساکانمان بووە لە خاکی رووسیادا. فڕۆکەکە پێشێلی سنوورەکانی هیچ وڵاتێکی نەکردووە". 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی لیتوانیا، دوای ئاگادارکردنەوەی ناتۆ لە پێشێلکردنی سنوورەکانیان، دوو فڕۆکەی تایفۆنی هێزی ئاسمانیی ئیسپانیا، کە بەشێکن لە هێزی پاراستنی بەڵتیک بەڕێکەوتن بۆ پاراستنی سنوورەکانیان. 
 
وڵاتانی ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا ئەندامی ناتۆن و پاڵپشتیکارێکی بەهێزی ئۆکراینان لە دژی رووسیا. ئەوان چەند جارێک رووسیایان بە پێشێلکردنی ئاسمانەکەیان تۆمەتبار کردووە.