حەماس 24 بارمتەی ئازاد کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، 24 بارمتەی لە حەماس وەرگرت، لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە ئەوانی گەیاندە خاکی میسر و رادەستی ئیسرائیلی کردنەوە.
 
ئەرکی وەرگرتنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس و گەیاندنەوەیان بە سوپای ئیسرائیل، بە خاچی سووری نێودەوڵەتی سپێردراوە.
 
هاوکات، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینیە.
 
پێشتر، سریتا تاڤیسین، سەرۆکوەزیرانی تایلاند رایگەیاندبوو، حەماس 12 بارمتەی تایلاندیی ئازاد کردوون و کارمەندانی کۆنسوڵخانەکەیان لە ئیسرائیل بەڕێگەوەن بۆ وەرگرتنەوەیان.
 
ئازادکردنی بارمتە تایلاندی و فلیپینییەکان، کە زۆرینەیان پیشەیان کرێکاری بووە، بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

 

 
لە چوارچێوەی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوانیان، ئەمڕۆ حەماس 13 ژن و منداڵی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد.
 
بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران بۆ ئەوەی لە دەروازەی رەفەحی نێوان غەززە و میسرەوە بگوازرێنەوە بۆ دەروازەی عەوجەی نێوان میسر و ئیسرائیل و لەوێوە بە هێلیکۆپتەر بگوازرێنەوە نەخۆشخانەی شەمیر لە تەلئەڤیڤ.
 
39 بەندکراوەکانی فەلەستینیش لە کەرتی خۆرئاواوە ئیسرائیل ئازادی کردن.
 
هاوکات، دەروازەی رەفەح بە رووی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییدا کرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ 200 بارهەڵگر بچنە نێو غەززە.

 

 
ئیسرائیل رژدە لەسەر ئەوەی لە پاش ئاگربەست، بەردەوامیی بە شەڕ بدات، بەگوتەی خۆی "تاوەکو لەنێوچوونی تەواوەتی حەماس".
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە رزگارکردنی هەموو بارمتەکان، بەڵام بەردەوامیش دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان کە بریتییە لە لەنێوبردنی هەمیشەیی حەماس، ئەگەر حەماس لەنێو نەبرێت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب هەرگیز ناکرێت".
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەمان گوتەی دووپاتکردەوە کاتێک ئەمڕۆ هەینی گوتی، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." راشیگەیاند، "تاوەکو ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین".
 
لەبارەی کرێکارە تایلاندییەکانەوە:
 
لانیکەم 23 کرێکاری تایلاندی لەنێو ئەو کەسانەدان کە حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بە بارمتە گرتنی.
 
هەر لەو هێرشەی حەماسدا بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک لە کەرتی غەززە، 32 کرێکاری دیکەی تایلاندی کوژران.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی تایلاند، نزیکەی 30 هەزار کرێکاری تایلاندی لە ئیسرائیلن کە زۆربەیان لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن.
 
لە دوای هێرشەکەوە، زیاتر لە هەشت هەزار و 600 کرێکاری تایلاندی بە ویستی خۆیان گەڕێندراونەتەوە تایلاند.
 
بەپێی رێککەوتنێکی نێوان تایلاند و ئیسرائیل، هەر کرێکارێکی تایلاندی، مانگانە لانیکەم پێنج هەزار و 300 شێکڵی ئیسرائیلی پێ دەدرێت کە دەکاتە دوو هەزار دۆلاری ئەمریکی، واتە شەش یان حەوت هێندەی مووچەیەکی ئاسایی تایلاند.