سەرۆکی مەکسیک تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند تووشی کۆرۆنا بووە.
 
ئۆبرادۆر لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، تووشبوونی خۆی بە پەتاکە ئاشکراکرد و رایگەیاند چارەسەر وەردەگرێت و "گەشبینە" بە زوویی چاکببێتەوە، چونکە نیشانەکانی پەتاکەی بە سووکی لێدەرکەوتوون. 
 
سەرۆکی مەکسیک بەهۆی چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆرۆنا و نەگرتنەبەری رێوشوێنی تووندی خۆپارێزی، بەردەوام رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی مەکسیک، سەرۆکەکەیان بە سووکی تووشی کۆرۆنا بووە و ئێستا لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین کردووە. 
 
سەرۆکی مەکسیک لە توویتێکدا رایگەیاندووە، لەم ماوەیەدا وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی لە بری ئەو کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رۆژانە پێشکێش دەکات، کە پێشتر خۆی رۆژانە دوو کاژێر بەبێ پشوو، لەو کۆنگرەیەدا قسەی دەکرد. 
 
لۆپێز ئۆبرادۆر تەمەنی 67 ساڵە و بە دەگمەن بە دەمامکەوە بینراوە. لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، بەردەوامبووە لە گەشتکردن بە فڕۆکە بازرگانییەکان. 
 
هەروەها وێڕای ئەوەی نزیکەی 150 هەزار کەس لە وڵاتەکەیدا بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە  ملیۆنێک و 700 هەزار تووشبوو تۆمارکراون، سەرۆکی مەکسیک رەتیکردووەتەوە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنێت.
 
وێڕای تەمەنەکەی، سەرۆکی مەکسیک گوشاری خوێنی هەیە و نەشتەرگەریی جەڵتەی دڵیشی کردووە، گوتوویەتی پەلە لە وەرگرتنی ڤاکسیندا ناکات، بەڵام هەفتانە جارێک پشکنینی کۆرۆنا دەکات. 
 
تاوەکو ئێستا مەکسیک نزیکەی 630 هەزار کەسی بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا کوتاوە.