پۆلیسی کۆچبەران و گومرگی ئەمریکا لە مینیاپڵس هاووڵاتییەکی دیکەی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
شەوی شەممە (24ـی کانوونی دووەمی 2026)، هێزە تایبەتەکانی کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) لە شاری منیاپڵسی ویلایەتی مینیسۆتا، تەقەیان لە پیاوێک کرد و کوشتیان.
ئەمە دووەم جارە لە سێ هەفتەدا رووداوی کوشتنی لەو شێوەیە لەو شارە رووبدات، ئەوەش بووەتە هۆی خۆپێشاندان و شەڕەقسەی تووند لەنێوان بەرپرسانی ویلایەتەکە و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
چۆن روویدا؟
پیاوەکە تەمەنی 37 ساڵە، هاووڵاتییەکی سپیپێستی ئەمریکییە و بەپێی راپۆرتەکان ناوی ئەلێکس جێفریـیە.
پۆلیسی ناوخۆیی دەڵێت پیاوەکە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی هەبووە.
ڤیدیۆی رووداوەکە بڵاوبووەتەوە و دەردەکەوێت چەند پۆلیسێکی فیدراڵی گەمارۆیان داوە، لەسەر زەوی لێی دەدەن و دواتر تەقەی لێ دەکەن و لانیکەم پێنج گولـلەی لێ دەدەن.
حکومەت و بەرپرسان چی دەڵێن؟
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێت، پیاوەکە دەمانچەی پێبووە، بە تووندی بەرەنگاری پۆلیس بووەتەوە و ئەوانیش بۆ بەرگریکردن لە خۆیان تەقەیان کردووە.
تیم واڵتز، حاکمی مینیسۆتا رووداوەکەی بە "کارەسات و ترسناک" وەسف کرد. و گوتی، "باوەڕمان بە لێکۆڵینەوەی حکومەتی فیدراڵی نییە، دەبێت خۆمان لێکۆڵینەوە بکەین". داواشی کردووە هێزەکانی گاردی نیشتمانی لە شارەکە بڵاوە پێبکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، حاکم و سەرۆکی شارەوانییەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی خەڵک هاندەدەن بۆ "یاخیبوون" و هەڕەشەی ناردنی هێزی زیاتر دەکات.
ئیلهان عومەر، ئەندامی کۆنگرێس دەڵێت ئەمە "لە سێدارەدانە" و ترەمپ شارەکەی کردووەتە "گۆڕەپانی جەنگ".
دۆخی شارەکە چۆنە؟
خۆپێشاندان دەستیپێکردووە و خەڵک درووشم دژی پۆلیسی کۆچ و گومرگ دەڵێنەوە. پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپێشاندەرانی داوەتەوە. بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، یاریی نێوان هەردوو یانەی (وۆریەرز و تیمبەروڵڤز)ـی خولی باسکەی ئەمریکا (NBA) دواخرا. هاووڵاتییان دەڵێن دۆخەکە ترسناکە و هێزە ئەمنییەکان شەقامەکانیان گرتووە.
پێشینەی رووداوەکە:
ئەمە دووەم کەسە لەم مانگەدا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ترەمپەوە لەو شارە دەکوژرێت. رۆژی 7ـی ئەم مانگەش، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمریکی بەناوی رێنی گود لە هەڵمەتێکی هاوشێوەدا کوژرابوو.